بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغداد چاویكەوت بە ئێریك شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق.
لە دیدارێكدا دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، پاراستنی سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكان كرایەوە بە شێوەیەك كە هاوبەشیی راستەقینە و پاراستنی مافی هەموولایەك لەبەرچاوبگیرێت.
لەبارەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت و بەئامانجگرتنی هێزە قارەمانەكانی دژەتیرۆر، سەرۆك بافڵ روونكردنەوەیدا و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، هێرشی درۆنی و بەزاندنی سەروەریی وڵات سەقامگیریی ناوچەكەی خستووەتە مەترسییەوە.
داواشیكرد، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەو وڵاتانەی لەچوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیماناندان و بەشداربوون لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لە بەرامبەر ئەم پێشێلكاری و كردە تیرۆریستییانە بێدەنگ نەبن و رێگریی لێبكەن.