“سیستمی پریپەیدی كارەبا كێشەی بۆ مووچەخۆران دروستكردووە”

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە یاداشتێكدا داوای پێداچوونەوە بە سیستمی پریپەیدی كارەبا لە سیتییەكاندا كردووە و ئەندامێكی ئەنجومەنەكەش دەڵێت، سیستمەكە بەبێ هەڵسەنگاندن كراوە و كێشەی بۆ مووچەخۆران دروستكردووە.

ئەنوەر تاهیر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، حكومەت، دەوڵەتداری و بەڕێوەبردن بە زانست دەكرێت، بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری وەزارەتەكان هەڕەمەكی بەڕێوەدەبرێن و ئەو بڕیارانەی دەیدەن پێشوەختە هەڵسەنگاندنی بۆ ناكەن و فیدباگی وەرناگرنەوە.

وتیشی، “نمونەی ئەوانەش (پارەی ئاو، پارەی خۆڵ و خاشاك، پێوەری پریپەیدی كارەبا و كامێرای پۆینت تو پۆینت)ن كە بەبێ هەڵسەنگاندنی پێشوەختە كراون و بارگرانییەكی زۆریان لەسەر هاوڵاتی دروستكردووە”.

كارەبای پریپەید یەكێكە لەو سیستمانەی دیراسە نەكراوە و پارەكەی بۆ دانیشتووانی سیتییەكان زۆر زۆرە و، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دوو جار لەگەڵ نوێنەرانیان كۆبووەتەوە و یاداشتی ئاراستەی وەزارەتی كارەبا كردووە، وەك ئەوەی ئەنوەر تاهیر ئاماژەی پێدا.

ئەوەشی وت، “كارەبای ئەو جۆرە پێوەرە، هەم پارەكەی زۆرە، هەم سیستمەكە لەم دۆخی بێمووچەییەدا گونجاو نییە بۆ هەرێمی كوردستان، پێویست بوو بە لە بەرچاوگرتنی دۆخی مووچەخۆران، ئاسانترین رێگا بۆ پێدانی پارەی كارەبا و هەر پارەیەكی خزمەتگوزاریی حكومی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارە پاشەكەوتكراوەكانی مووچەخۆراندا بكرێت”.

ئەندامەكەی ئەنجومەن دووپاتیشیكردەوە، چۆن دەبێت مووچەخۆرێك مانگی حەوت، هەشت و نۆ دەوامی كردبێت، حكومەت مووچەی نەداتێ، بەڵام لە هەمان كاتدا پێش بەكارهێنانی، پارەی كارەبا بدات، جگە لە پارەی خۆڵ و خاشاك و پارەی كارەبای مۆلیدە و ئاو.

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە یاداشتەكەیدا داواكاریی دانیشتووانی سیتییەكانی ئاراستەی وەزارەتی كارەبا كردووە بۆ پێداچوونەوە بە سیستمەكە و نرخەكەیدا، ئەنوەر تاهیر روونیكردەوە، تائێستا وەزارەت وەڵامینەداونەتەوە.

باسی لەوەشكرد، سیستمەكە كێشەیە و كێشەی بۆ مووچەخۆران دروستكردووە، بۆ نمونە لە ئێران و وڵاتانی دراوسێ و پێشكەوتوو، مووچەخۆر ئۆتۆماتیكی هەر لە مۆبایلەكەی دەستیەوە لەو مووچەیەی دەچێتە سەر ئەژمارەكەی پارەی ئاو، كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی دیكە دەدات، بەڵام حكومەتی هەرێم مووچەت ناداتێ، بەڵام بە دە جۆر باجت لێوەردەگرێت، پرسیارەكەش ئەوەیە هاوڵاتی و مووچەخۆر لە كوێ بیهێنێت، لە چی بیدات؟

دەربارەی ئەوەی ئایا ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی هەیە بڕیارەكە لە سنووری سلێمانی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەنوەر تاهیر روونیكردەوە، “دەسەڵاتی ئەنجومەن بەرزكردنەوەی داواكارییەكە و دەربڕینی پاڵپشتییە بۆ دانیشتووانی سیتییەكان، ئەگەر دەسەڵاتی ئەنجومەن بوایە سبەینێ هەڵماندەوەشاندەوە”.

بابەتی پێشتر

شیروان میرزا: یەكێتی هەموو هەوڵێك دەدات كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربكات"

بابەتی دواتر

نێچیرڤان بارزانی: شاندێك پێكهاتوون لە سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەچنە بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە كەركوك و مەخمور بڵاوەیان پێدەكرێت.. لیوایەكی پێشمەرگە دەخرێتەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراق

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ئاشكرایدەكات، لیوایەكی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ لیوایەكی سوپای عێراق تێكەڵدەكرێن بۆ ئەوەی دوو لیوای ھاوبەشیان لێدروستبكرێت…
Total
0
Share