بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی كارگێڕی و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و هیوا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئامادەبوون، جەخت لە گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی دۆستانە و فراوانكردنی هاریكارییەكانی نێوان هەرێم، عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرایەوە بە شێوەیەك كە لەخزمەت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە بێت.
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوچەكەوە هەڵوێستی یەكێتی روونكردەوە و رایگەیاند، “ئامانجمان بەدیهێنانی سەقامگیریی و پێكەوەژیانە لە ناوچەكە، بۆ ئەمەش بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی بەرپرسیارانە دەكەین و بڕواشمان وایە ئەوە تەنها رێگایە بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكان و گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانییەكان.
لەبەرامبەردا حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە رۆڵ و سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال كرد و رایگەیاند، ئەو سەركردەیەك بوو هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەكانی كۆدەكردەوە، كاریگەرییەكانی ئەو لە بوونیادنانی عێراقی نوێدا لەبیرناكرێت و بەڕێزەوە لە هەوڵەكانی دەڕوانین.
پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێم، عێراق و ئێران تەوەرێكیتری كۆبوونەوەكە بوو و هەردوولا لەسەر فراوانكردنی هاریكارییەكان و فراوانكردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان هاوڕابوون.