ئایا مەترسیی لەسەر کەمکردنەوەی مووچە بۆ نیوە هەیە؟

دەنگۆی کەمکردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ نیوە نیگەرانیی لای هاوڵاتییان دروستکردووە، لەکاتێکدا تا ئەمڕۆ کە سەرەتای مانگی ئەیلولە مووچەی مانگی تەمموز چارەنووسی روون نییە، ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دڵنیایی دەدات کە مووچە بەپێی داهات بێت نابێت کەمبکرێتەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پێشووی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، “داهاتی تەواو بۆ مووچە لەبەردەستی حکومەتدایە و نابێت هیچ مەترسییەک لەسەر کەمکردنەوەی مووچەی مووچەخۆران دروستبکرێت”.

دڵنیاییشیدا کە ئەگەری کەمکردنەوەی مووچە بۆ نیوە مەترسیی نییە.

عەلی حەمە ساڵح وتی، “حکومەت ئێستاش رۆژانە 310 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت خۆ ئەوە بێ داهات نییە، داهاتی ناوخۆشی لەبەردەستدایە کە مانگانە کۆیدەکاتەوە بۆ مووچە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی عێراق 500 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات وەک سولفە بۆ دابەشکردنی مووچە”.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو جەختیکردەوە کە ئەو بڕە پەرەیە بەشی مووچەی تەواوی مووچەخۆران دەکات و پێویستە حکومەت بەبێ هیچ ئەگەر و مەترسییەک مووچە دابەشبکات.

رۆژی دووشەممە 3ی ئەیلولی 2023 حکومەتی عێراق بڕیاریدا بڕی 500 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە.

دوێنێ دووشەممەش ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق بۆ مانگەکانی 7،8 و 9 بڕی یەک تریلیۆن و 500 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەکات.

لەلایەکی دیکەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ئەو بڕە پارەیەی عێراق دەینێرێت بەشی مووچە ناکات، بڕیارە سبەینێ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیار لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە بدات.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: پلەی گەرما بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە

بابەتی دواتر

بەڕێوەبەرێکی نوێ بۆ پاسپۆرتی کەرکوک دانرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share