مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە

ئەمڕۆ شەممە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ھەڤاڵ د. لەتیف رەشید، فەخامەتی سەرۆک کۆماری عێراق ئامادەیبوو، گفتوگۆ لەبارەی دواپێشھاتەکانی کوردستان و عێراق، تەواوکردنی ئیستیحقاقەکانی کورد و پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێراق کرا.

سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆک بافڵ بەخێرھاتنی فەخامەتی سەرۆک کۆمار ھەڤاڵ د. لەتیف رەشیدی کرد و جەختیکردەوە یەکێتی خۆشحاڵە کە ئیستیحقاقی سەرۆک کۆمار ھەر لای یەکێتی و کورد ماوەتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانیی مەکتەبی سیاسیی بۆ دووپاتکردەوە و ھیوایخواست لە ئەرکی نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکان وەک پارێزەری دەستووری وڵات سەرکەوتووبێت.

سەرۆک کۆمار خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە یەکێتی بڕیاریداوە لە بەغدا ئامادەگیی بەھێزی ھەبێت بۆ داکۆکیکردن لە ستراتیژ و بەرنامەی یەکێتی کە ھەمان بەرنامەی جەنابی سەرۆک مام جەلالە لە خزمەتکردنی ویست و داخوازیی گەلەکەمان لە عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵدا.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی، گفتوگۆ لەسەر رەوشی عێراق دوای پێسپاردنی پێکھێنانی حکومەتی نوێ بە دەوڵەتمەدار محەمەد شیاع سودانی و ئیستحقاقەکانی کورد لەو حکومەتە و پێویستیی پێکھاتنی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا لە خزمەتی ھاوڵاتییانی عێراق کرا.

ھەروەک گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسیی کوردستان و پێویستیی گرتنەبەری سیاسەتێکی بەرپرسیارانەی نوێ کرا کە داکۆکی لە بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵک بکات.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزارەتی پێشمەرگە: داواکارین سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکان دابنرێت

وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو، جارێکی دیکە تاقمە تیـ.ـرۆریستییە لەیاسا دەرچووەکان…
Total
0
Share