وردەكاریی ئەو پارەیەی بەغداد رەوانەی هەرێمی كوردستانی دەكات

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕی ئەو پارەیە ئاشكرادەكات كە بۆ ماوەی سێ مانگ لەلایەن ناوەندەوە رەوانەی هەرێم دەكرێت و دەشڵێت، عێراق ئامادەنییە خەرجی كرداری هەرێمی كوردستان بخاتە ناو خەرجی كرداریی خۆیەوە.

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردراوە بە شێوەی قەرز و لەلایەن هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید-ەوە بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 500 ملیار دینار بۆ هەرێم خەرج بكرێت.

روونیشیكردەوە، لە عێراق مووچەی مانگەكانی تەمموز و ئاب خەرجكراوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بڕی یەك ترلیۆن دینار رەوانەی هەرێم بكرێت، لەگەڵ خەرجكردنی مووچەی مانگی ئەیلول-یش لە عێراق، بڕی 500 ملیار دیناری دیكەی ئەو مانگە رەوانەی هەرێم دەكرێت.

لە كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد، داواكراوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دووربخرێتەوە لە خەرجییەكانی دیكە، ئامانج رەحیم وای وت و ئەوەشی خستەڕوو، لە عێراق سەرەڕای قەیران و ئاستەنگەكان، مووچە لە وادەی خۆیدا دابەشکراوە و داوایان كردووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بەوجۆرە خەرج بكرێت.

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوەشكرد، لە خشتەی مووچەدا بڕی 10 تریلیۆن و 800 ملیار دینار دانراوە بۆ مووچە و وتی، “لەو 10 تریلیۆن دینارە، ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە 658 هەزار و 189 فەرمانبەر دیاریكراوە، بەڵام عێراق ئامادەنییە خەرجی كرداری (ئینفاقی فیعلی)ی هەرێمی کوردستان بخاتە ناو خەرجی كرداریی خۆیەوە”.

لە هەمان كۆنگرەی رۆژنامەنووسیدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، “یاسای بودجەی عێراق چەندین کێشەی بۆ هەرێم و حکومەتی عێراقیش دروستکردووە، دەرهاویشتەکانی جێگەی مەترسین، ئەو یاسایە غەدرێکی گەورەی دەرهەق بە کورد تێدایە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “دوای ئەوەی چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەغداد کرد، گەیشتووین بە کێشەیەکی دیکە ئەویش ئەوەیە، ئەوان بەلایانەوە ئاساییە سەرجەم داهاتی ئێمە ببەن، بەڵام بەلایانەوە ئاسایی نییە شایستە داراییەکانمان بۆ بنێرن”.

وتیشی، “هەموو مانگێک ئێمە تەنها بۆ مووچە 940 ملیار دینار دینارمان دەوێت، بەڵام ئێستا پێیانوتووین 500 ملیارمان بۆ دابیندەکەن، ئەو بڕە پارەیەش بەشی ئێمە ناکات، داهاتی نەوت و داهاتی نانەوتیمان نەماوە، بڕی ئەو 500 ملیارە و ئەو 320 ملیارەی لە داهاتی نانەوتی هەمانە بەشی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناکات”.

وەزیری دارایی ئاشکراشیکرد، “ئێمە دەمانەوێت کۆبوونەوەکان بەردەوام بن بۆ ئەوەی مافی کورد لەوە زیاتر پێشێل نەکرێت”.

بابەتی پێشتر

بە ڤیدیۆ.. شایی زانینی رەگەزی كۆرپەكەیان بوو بە شین

بابەتی دواتر

وادەی كاراكردنی زانكۆلاین ئاشكراكرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، گۆڤارە زانستییەكانی هەرێمی كوردستان لە پلاتفۆڕمێكدا كۆدەكاتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی…
Total
0
Share