ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، شاندی هەرێم داوای دوو مووچەی لە بەغداد كردووە و بەرپرسانی عێراق بەو داوایە رازی نەبوون و دەشڵێت، “بەغداد دەیەوێت 100%ی داهاتی نانەوتیی هەرێم رادەستی عێراق بكرێت لە كاتێكدا پێشتر رێككەوتنەكە بەو شێوەیە نەبووە و بەپێی زانیارییەكانمان لە دوێنێوە محەمەد شیاع سودانی هاتووەتە سەر هێڵ و بەڵێنیداوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت”.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە دوایین سەردانیاندا شاندی هەرێم داوای مووچەی مانگەكانی 7 و 8ی لە بەغداد كردووە و لەبەرامبەردا پێشنیازی ناردنی بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە حكومەتی عێراق داوای رادەستكردنی تەواوی داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان دەكات، كە ئەوەش پێچەوانەی رێككەوتنەكانە و دەبوو 50%ی داهاتی نانەوتی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ عێراق.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بەپێی زانیارییەكانمان بەغداد زیاتر لەوەی رێككەوتنی لەسەركراوە و داوادەكات، هەرچەندە پێشتر رێككەوتن كراوە حكومەتی عێراق ئامادەنییە مووچەی دوو مانگ بنێرێت كە لە هەرێمی كوردستان دوو مووچە نەدراوە، ئێستا عێراق داوای 100%ی داهاتی هەرێم دەكەن و هەناردەی نەوتیش راگیراوە ناتوانرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابینبكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد، بەپێی زانیارییەكانمان محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتووەتە سەر هێڵ و بەڵێنیداوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت و وتیشی، “بابەتی مووچە بەم شێوەیە چارەسەر نابێت و دەبێت هەرێم و بەغداد چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەم كێشانە بدۆزنەوە، چونكە هەرێم بەتەنها داوای مووچە ناكات و داوای پشكی هەرێم لە یاسای بودجە دەكات كە مانگانە دەبێت زیاتر لە یەك ترلیۆن و 200 ملیار دیناری بۆ رەوانە بكرێت”.