نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم لەبەردەم ئالنگارییەکی گەورەدایە و پێویستی بە چاکسازییە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی دەرچووانی خولی چوارەمی پەیمانگەی دادوەری رایگەیاند، “دادوەری بنەمای حوکمڕانییە لە هەر وڵاتێک، پارێزەری کۆمەڵگە و سیستمی سیاسییە، بۆ کۆمەڵگە پێشتکەوتووەکان سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و سەروەری یاسا و متمانە بە دەسەڵاتی دادەوەری پێویستییە لەهەرە لەپێشینەکانە، ئەی دەبێت بۆ کۆمەڵگەی کوردی چەند گرنگ بێت کە لە قۆناغی راگواستنداین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کۆڵەکەی حوکمڕانییەکی دروست و بەهێزە، بۆ ئەوەی هاوڵاتیی متمانەی بە دەسەڵاتی دادوەری هەبێت دەبێت دڵنیابێت کە مافەکانی دەپارێزرێت”.
نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی وتارەکەیەدا بە دادوەرانی وت، “ئێوە لەبەردەم خودا و ویژدان و مرۆڤایەتییدا ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵدەگرن، بۆیە دەبێت لە ئاستی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییەدا بن، ئەرکی ئێوەیە کە سەربەخۆیی خۆتان بپارێزن، رێگەنەدەن دەستوەردان لە کاروبارەکانتان بکرێت”.
جەختیشیکردەوە، “نەمانوتووە و ناڵێین لە هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکە لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی دادگاکاندا نییە، بەڵکو ئاڵنگاری گەورە لەبەردەمتاندا هەیە و پێویستی بە چاکسازییە”.