سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵرۆژی ئەنفالی بادیناندا پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “حكومەتی عێراق دەبێت ئەركی خۆی بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانییانی ئەنفال جێبەجێبكات.”
لە پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، “بە ڕێز و شكۆدارییەوە یادی شەهیدانی خەڵكی سڤیلی بادینان و تەواوی قوربانییانی شاڵاوەكانی ئەنفال دەكەینەوە ساڵی 1988 لە گەرمیانەوە تا بادینان 182 هەزار هاوڵاتیی بێتاوانی كوردستان بە منداڵ و ئافرەت و پیر و گەنجەوە بوونە قوربانیی ئەو تاوانە.”
دەشڵێت، “دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، شاڵاوەكانی ئەنفالی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەم داوە، بۆیە لە كاتێكدا گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال بە بیر دەهێنینەوە، دووپاتیدەكەینەوە كە حكومەتی عێراقی فیدراڵی، دەبێت ئەركی خۆی بۆ قەرەبووكردنەوەی خێزان و كەسوكاری قوربانییان جێبەجێبكات و لە ئێش و ئازاریان كەمبكاتەوە”.
سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، “خزمەتكردنی باشتری كەسوكاری ئەنفالكراوان، تەبایی و یەكڕیزیی ناوخۆییمان، كاری جددی و هەوڵدان بۆ دووبارەنەبوونەوەی تاوانەكانی وەك ئەنفال و ناساندنی بە جینۆساید لەسەر ئاستی جیهان، باشترین یادكردنەوە و وەفادارییە بۆ گیانی پاكی قوربانییانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی كوردستان”.
سەرۆكی هەرێم باسی لەوەش كردووە كە، دەبێت مێژوو و ڕابردووی تاڵی گەلانی عێراق، وانە و پەند و هاندەر بن بۆ كاری پێكەوەیی و یەكترقبووڵكردن و مسۆگەركردنی مافی تەواوی پێكهاتەكان لە عێراقی نوێدا، بۆ ئەوەی كارەساتەكانی رابردوو دووبارە نەبنەوە و ئازادی و مافە دەستوورییەكانی هەمووان پارێزراو بن.