لەمیانەی پێشوازیكردنیدا لە شاندێكی باڵای هاوپەیمانان قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت،پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە دووربخرێتەوە لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ژەنەراڵ ماتیۆ ماکفارلین و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێگەی بایەخی هەردوولا و بە تایبەت چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێکران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئابی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەریەکە لە لیوا روکن بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەیبوون، بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی وەک فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، قوباد تاڵەبانی ستایشی ژەنەراڵ ماتیۆ ماکفارلینی کرد کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا رۆڵی گرنگی هەبووە لە دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کە ژەنەرال جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی نوێی هاوپەیمانانیش ئامادەیبوو، جێگری سەرۆک وەزیران بەبۆنەی دەستبەکاربوونی پیرۆزبایی لێکرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا هەماهەنگی زیاتر و بەهێزتر لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی پڕۆژەی چاکسازی بەو شێوەیەی کە پلانی بۆ دانراوە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە دووربخرێتەوە لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان و بەرپرسانی وەزارەت دەبێت لەپێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی و دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی راهێنراو بە شێوەیەکی پیشەیی و بەدوور لە ململانێی سیاسی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.