وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوو مانگە كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەدراوە جووڵەی بازاڕی بە تەواویی پەكخستووە و دەشڵێت، “دابەشنەكردنی مووچە رەنگدانەوەی لەسەر كەرتی تایبەت دەبێت و رێژەی بێكاریی زیاددەكات”.
یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەپێی دوایین ئامارەكان كە لەبەردەست ئێمەدایە مانگانە لەو مووچەیەی دەدرێتە فەرمانبەران 300 ملیار دیناری قەرزی كۆمپانیاكانی بواری خانووبەرە، ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی ناوماڵە بە تایبەت ئەو كۆمپانیایانەی كە بە شێوازی قیست شمەك و كاڵا دەدەنە مووچەخۆران، ئەوەش وایكردووە جووڵەی بازاڕ بە تەواویی پەكبخات.
ئاشكراشیكرد، بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە بەشێكی زۆری كۆمپانیاكانی كە پێشتر وەبەرهێنانیان لە هەرێمی كوردستان كردووە روویان لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كردووە.
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان باسی لەوەش كرد، دابەشنەكردنی مووچە هۆكارێكە بۆ زیادبوونی رێژەی بێكاریی لە هەرێمی كوردستان و ئەگەر بەدواداچوون بكرێت بەهۆی گرفتی مووچەوە 80%ی كاسبكارانی ناوبازاڕ زیانیان بەركەوتووە و لەو دۆخەی ئێستا ناڕازین.