راگەیەندراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی

كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لە سلێمانی كۆتایی هات، لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا ناوەرۆكەكەی خرایەڕوو.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەباشان دەستیپێكرد.

كۆبوونەوەكە سێیەمی نێوان هەردوولایە كە لەماوەی كەمی رابردوودا تایبەت بە دۆخی حكومڕانی، سیاسی و ئابوریی هەرێمی كوردستان و عێراق و پرسی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجامدرا.

دەقی راگەیەندراوەكە:

کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەباشان ئەنجامدرا. دوای تاووتوێی بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی و عێراق و کوردستان بە تایبەتی، هەردوولا تەئکیدمان لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی کردەوە و تەواوی تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەکان لەپێناو بژێوی هاوڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان.

بە ئاڕاستەی زیاتر چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان هەردوولامان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێککەوتین:

1- هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێم دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.

2- بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بخرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.

3- بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.

4- هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.

5- لە پێناو زیاتر لێکنزیکبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا بڕیارماندا بە رۆحیەتی کوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.

بابەتی پێشتر

گەنجێک بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل و مۆبایلی باوکی دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

وەزارەتی ناوخۆ: لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 17 هەزار چەکی بێمۆڵەت تۆمارکراوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە هەڵەبجە سبەی كرایە پشوو

بەهۆی خۆڵبارینەوە لە پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان بە فەرمی پشوو ڕاگەیەندرا. بە بڕیاری پارێزگاری هەڵەبجە سبەینێ لە دامەزراوەکانی حکومەتی…
Total
0
Share