سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندامی وەفدە باڵاكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغداد، لە چاوپێكەوتنێكیدا راگەیاند، ئامانجی سەرەكی سەردانی وەفدی یەكێتی بۆ بەغداد لەسەر پرسی مووچە و بودجە بووە، هاوكات بەدواداچوون بووە بۆ نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە.
وتیشی، “لە كۆبوونەوەكانی سەرۆك بافڵ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراقیشیدا، هەموو لایەنەكان جەختیان لە پابەندبوون بە یاسای بودجە كردووە و بەڵێنیاندا گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، چونكە پشكی هەرێم لە بودجەدا دیاریكراوە، بەڵام پێویستە حكومەتی هەرێم پابەندبێت”.
راشیگەیاند، “پێویستە بەیەكجاریی كۆتایی بە ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بهێنرێت، چونكە سوود بە هیچ لایەك ناگەیەنێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیووایە هیچ جێگرەوەیەكی دیكە نییە جگە لە رێككەوتنی نێوان هەردوولا، هەربۆیە یەكێتی رۆڵی گرنگی هەبووە لە نزیككردنەوەی لایەنەكان و رەواندنەوەی تەمومژی نێوان بەغداد و هەرێم، هاوكات هەنگاوی گرنگی بۆ ئاییندەیەكی باشتر بۆ عێراق ناوە لەرێی دیالۆگی نیشتمانییەوە”.