وڵاتانی ئەوروپا لە ئامادەكاریدان بۆ پێشوازی لە بەرزترین پلەكانی گەرما كە تائێستا رووی لێیان كردبێت، ئەمەش لەماوەی چەند رۆژێكدا هاوكات لەگەڵ ئەو گەرما بێ پێشینەیەی رووی لە حەوت وڵاتی عەرەبی كردووە.
چەند وڵات و ناوچەیەك لە ئەوروپا هەفتەی داهاتوو رووبەڕووی بەرزترین پلەی گەرما دەبنەوە، دوای ئەوەی شارەزایانی كەشناسی هۆشدارییاندا لەوەی بەرزترین پلەی گەرما دەگاتە 48 پلەی سەدی، كە مایەی هەڕەشەیە بۆسەر مرۆڤ، پەلەوەر و بەروبوومی كشتوكاڵی.
كیشوەرەكە لە بەردەم شەپۆلێكی گەرمیی توند دایە كە بە (سیربیرۆس) ناونراوە -یەكێك لە “پاسەوانانی جەهەنەم” لە ئەفسانەكانی یۆناندا- پاش ئەوەی شەپۆلەكە لە بیابانەوە رووی لە باشووری ئەوروپا كرد.
بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بووەهۆی ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكانی كرواتیا، لەكاتێكدا گەشتیار و دانیشتووانی ناوخۆ هەوڵ بۆ گونجان لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما دەدەن كە لە كۆتایی هەفتەی داهاتوودا 45 پلەی سەدی تێدەپەڕێنێت لە هەریەك لە ئیسپانیا، ئیتاڵیا، یۆنان و توركیا، وەك ئەوەی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئاماژەی پێداوە.