وەزارەتی دارایی بڕیاریدا.. مووچەی ئەم كەسانە دەبڕدرێت

وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی وەرگرتنەوەی پێشینەكان لە خاوەن قەرز و كەفیلەكان روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، لەمەودوا تەنها یەك لە سەر پێنجی مووچەی مانگانەی كەفیل دەبڕدرێت، ئەگەر قەرزار ئامادە نەبوو لەماوەی دوو مانگ قەرزە كەڵەكەبووەكانی بگەڕێنێتەوە.

بەپێی روونكردنەوەیەكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، سەبارەت بە ڕێنمایی دارایی ژمارە 9 ی ساڵی 2023 تایبەت بەوەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشكی پێشینەكانی هاوسەرگیری، خانووبەرە و نیشتەجێبوون، لە دەستەبەر (كەفیل) پێدانی قەرز و بەدەستهێنانەوەی بەپێی یاسای عێراقی ئەنجامدراوە و لە ساڵانی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی ڕەچاوی قەیرانی داراییان كردووە و ئاسانكاریی زۆریان پێشكەشكردووە بۆ چۆنییەتی گەڕاندنەوەی قەرزەكان و چەند جارێك بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لێخۆشبوونی تەواوكراوە لە هەموو ( سزا ) كەڵەكەبووەكان و داشكاندنی 15 ٪ بۆ كۆی گشتی قەرزەكان.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەم رێنماییە (ڕێنمایی ژمارە 9) لە بنەڕەتدا بۆ كارئاسانی خاوەن قەرز و كەفیلەكان دەرچووە و لەبڕی ئەوەی كۆی مووچەی كەفیلەكە ڕابگیرێت، لەمەودوا تەنها یەك لە سەر پێنجی مووچەكەی مانگانە دەبڕدرێت، ئەگەر قەرزار ئامادە نەبوو لە ماوەی دوو مانگ قەرزە كەڵەكەبووەكانی بگەڕێنێتەوە، ئەو لێبڕینەش بەیاسا و بڕیاری دادگا ڕێكخراوە، تەنها ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە فەرمانبەرن و بوونەتە كەفیلی هاوڵاتی تەنها بۆ سێ جۆر قەرزە كە ئەوانیش قەرزی (خانووبەرە، نیشتەجێبوون و هاوسەرگیری)یە.

بەپێی ڕێنماییەكە خاوەن قەرز ناچارنەكراوە لەماوەی دوو مانگەكە هەموو قەرزەكە بگەڕێنێتەوە، ئەگەر هەر كەس نەیتووانی لەو ماوەیە قەرزەكە بداتەوە دەتوانێت لەگەڵ كەفیلەكەی ڕێكبكەوێت و مانگانە ئەو بڕە پارەیە بداتە كەفیلەكە كە لە مووچەكەی دەبڕدرێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بۆ ئاگاداریی هەموو لایەك هیچ گۆڕانكارییەكی جیاواز و بنەڕەتی لە شێوازی وەرگرتنەوەی قەرزەكان نەكراوە و كەسی كەفیلیش بە ویستی خۆی ئەو پابەندێتیەی خستووەتە ئەستۆی خۆی، بەپێی یاساش وەزارەتی دارایی و بانكە پسپۆڕییەكان دەسەڵاتی لێخۆشبوونیان لە هیچ بڕێكی قەرزەكە نییە.

بابەتی پێشتر

ساڵی رابردوو نزیكەی یەك ملیۆن كەس داوای مانەوەیان لە ئەوروپا كردووە

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێك: لەم مانگەوە دەبێت بەغداد مووچە و بودجەی هەرێم بە تەواویی بنێرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاگر لە هۆتێلێك كەوتەوە

كەمێك لەمەوبەر ئاگر لە هۆتێل پلازای شاری هەولێر كەوتەوە و زیانەكانی ئاشكراكران. پەیامنێرمان لە هەولێر ڕایگەیاند، هۆتێلەکە لە…
Total
0
Share