لە نرخی بەنزیندا
عێراق لە ڕیزبەندیی 12 و هەرێم لە 36هەمیندایە

عێراق پلەی 12ی لەنێو وڵاتاندا گرتووە لە هەرزانیی نرخی بەنزیندا، لەكاتێكدا بەپێی نرخەكەی هەرێم دەچێتە ڕیزبەندیی 36هەمین.

سایتی (global petrol prices) تایبەت بە نرخی جۆرە جیاوازەكانی سوتەمەنی لەسەر ئاستی جیهان لە ڕاپۆرتێكدا بۆ مانگی حوزەیران دەڵێت، ڕیزبەندییەكەی عێراق لەنێو 170 وڵاتی ناو خشتەكەیاندایە بەهۆی نرخی بەنزین كە 514 سەنت (0.514 دۆلار) بۆ هەر لیترێك، لەكاتێكدا پلەی پێنجەمی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی گرتووە پاش هەریەك لە (لیبیا، سوریا، جەزائیر و كوەیت).

ڕاپۆرتەكە ڕوونیدەكاتەوە، ڤەنزوێلا لە ڕیزبەندیی یەكەمدایە لەسەر ئاستی جیهان وەك هەرزانترین وڵات لە بەنزیندا بە نرخی 22 سەنت بۆ هەر لیترێك بەدوایدا لیبیا دێت 31 سەنت، پاشان سێیەم وڵات ئێرانە بە 53 سەنت.

بەپێی نرخی ئێستای بەنزین لە هەرێمی كوردستان كە نزیكە لە یەك دۆلار بۆ هەر لیترێك، هەرێمی كوردستان لەڕووی نرخی بەنزینەوە دەكەوێتە ڕیزبەندیی 36هەمینی ئەو وڵاتانەوە.

بەپێی نرخەكەی، هەرێم دەكەوێتە پاش وڵاتانی وەك (ئۆزباكستان، ئەفغانستان، ماڵدیڤ، بەنگلادیش و گابۆن).

گرانترین وڵاتان بۆ بەنزین لە پشكی هۆنگ كۆنگ-ە بە نرخی 2.962 دۆلار بۆ هەر لیترێك، بەر لەو نەرویج دێت بە 2.858 دۆلار و پێش ئەویش دانیمارك بە 2.726 دۆلار بۆ هەر لیترێك.

ڕاپۆرتەكە ڕوونیدەكاتەوە، نرخی مامناوەندی بەنزین لەسەر ئاستی جیهان بۆ ئەو مانگە 1.43 دۆلارە بۆ هەر لیترێك. ئاماژەی بەوەشكردووە، نرخی بەنزین لە وڵاتانی دەوڵەمەند بەرزترە بەراورد بە وڵاتانی هەژار، هەرچی وڵاتانی بەرهەمهێن و هەناردەكاری نەوتە نرخ تیایاندا زۆر كەمترە.

هەرێم لەو هەڵسەنگاندنەشدا پێچەوانەیە، بەهۆی ئەوەی سەرەڕای ئەوەی دەچێتە خانەی وڵاتانی هەژارەوە و لەهەمان كاتدا بەرهەمهێن و هەناردەكاری نەوتی خاوە، بەڵام نرخی بەنزین تیایدا بەرزە.

لە كۆتایشدا ڕاپۆرتەكە ڕوونیدەكاتەوە، جیاوازیی نرخی بەنزین لە وڵاتە جیاوازەكاندا دەگەڕێتەوە بۆ پاڵپشتیی حكومی بۆ بەنزین و قەبارەی باج، سەرجەم وڵاتانی جیهان نەوت بە نرخی دیاریكراو دەكڕن، بەڵام دواتر باجی جیاواز دەخەنەسەری كە دەبێتەهۆی بەرزی و نرمیی نرخی بەنزین.

خشتەی ڕیزبەندی نرخی بەنزین لە هەندێك لە وڵاتاندا:

بابەتی پێشتر

کەشناسی: پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک

بابەتی دواتر

نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی: لە لوتکەی بڵاوبوونەوەی سکچوون و ڕشانەوەداین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share