وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوا لە حکومەتی سوید دەکات، ئەو کەسەیان رادەستبکەنەوە کە قورئانی پیرۆزی لە وڵاتەکەیان سوتاند، تا ئێستا سوید هیچ وەڵامێکی ئەو داواکارییەی نەداوەتەوە.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، جەختیکردەوە حکومەتی عێراق رژدە لەسەر داواکارییەکی بۆ حکومەتی سوید بە رادەستکردنەوەی سەلوان مۆمیکا.
سەحاف دەڵێت، ئەو کەسەی بەناوی سەلوان مۆمیکایە و قورئانی پیرۆزی سوتاندووە، رەگەزنامەی عێراقییە، بۆیە دەبێت رادەست بکرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی سویدی کرد و پەیامێکی توندی ئیدانەکردنی ئەو کارەی پێگەیاند.
لەبارەی ئەو کارەیەوە سەلوان مۆمیکا بە رۆژنامەی ئێکسپرێسی سویدی راگەیاندووە، “لە ماوەی 10 رۆژی دیکەدا قورئانێکی دیکە و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراقدا دەسوتێنم”.