کۆبوونەوەی شاندی هەرسێ لایەنی عێراقی، هەرێمی کوردستان و تورکیا لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستیپێکرد.
کۆبوونەوەکە لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی تورکیاوە مەبەستی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە 25ی ئازارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە راگیراوە کە بڕەکەی 450 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.
بڕیاری راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی هات کە بەپێی بڕیارەکە دەبێت تورکیا بەبڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بدات بە حکومەتی عێراق، بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ مۆڵەتی حکومەتی بەغداد لە ساڵانی نێوان 2014 بۆ 2018.
هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەهۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا لە مانگی رابردوو و گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم دواکەوت.
بەپێی زانیارییەکان یەکێک لەو پرسانەی دەبێت لەمبارەیەوە چارەسەربکرێت و مەرجی تورکیایە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بڕی ئەو قەرەبووەیە کە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی دیاریکردووە ئەو وڵاتە بیدات بە بەغداد.