جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکە رۆڵی دەبێت لە پەرەپێدانی ئابوریی عێراق.
ستیڤ لۆتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەردانەکەمان بۆ عێراق گەورەترین سەردانی ئەمریکا بووە لە سەرجەم بوارە جیاوازەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، “محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کاردەکات بۆ دروستکردنی هاوبەشیی نێوان کۆمپانیا عێراقی و ئەمریکییەکان، بۆ پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و ئابوریی عێراق، وەزارەتی گەنجینە و ژووری بازرگانیی ئەمریکاش، ئەم هەوڵانە بەرز دەنرخێنن”.
لای خۆیشیەوە ئیبراهیم بەغدادی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئابوریی عێراق رایگەیاند، “سەردانی وەفدەکەی ئەمریکا کە پێکهاتووە لە زیاتر لە 100 کەس و زیاتر لە 60 کۆمپانیای ئەمریکی، بەڵگەیە لەسەر ئەو پێشکەوتنانەی لە پەیوەندییەکان بۆ پەرەپێدانی ئابوریی عێراق بەدەستهاتوون”.
وتیشی، عێراق ئەمڕۆ باشترە لە دەیان ساڵ لەمەوبەر، پێشوازییش لە هەر کۆمپانیایەک دەکەین کە بیەوێت لێرە کاربکات بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی و ئابوریی وڵات.