سیاسەتمەداری كورد مەحمود عوسمان دەڵێت، “جۆ بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا كۆمەك بە پرۆژەی دەوڵەتی كوردی ناكات و مانەوە لەگەڵ بەغداد تاكە ڕێگەچارەیە بۆ كورد.”
لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ سێشەممە 22ی كانونی یەكەم مەحمود عوسمان كە یەكێكە سیاسەتمەدارانی كورد ڕایگەیاند، “بوونی جۆ بایدن بە سەرۆكی ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك خزمەت بە پرۆژەی دەوڵەتی كوردی ناكات، دەبێت كورد لەگەڵ عێراق-دا بمێننەوە و بەغداد بكەن بە قووڵایی ستراتیژی بۆ خۆیان.”
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد جەختدەكاتەوە ئەگەر بایدن یاخود هەر كەسێكی تر سەرۆكی ئەمریكا بێت، ئەوا “بژاردەی یەكەمی بەردەم پارتە كوردستانییەكان ڕێككەوتنە لەگەڵ بەغداد بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەو قەیرانە دارایی و ئابورییە ڕزگاربكەن، چونكە گەل بەدەست برسێتی و نەدارییەوە دەناڵێنێت.”
مەحمود عوسمان ئەمریكا بەوە تۆمەتباردەكات كە فێڵی لە كورد كردووە و دەڵێت، “ئەمریكا لە چەندین بۆنەدا كوردی فریودا، دیارترینیان پرسی ڕیفراندۆم بوو، لە سوریا-ش پشتی لە كورد كرد و كردنی بە نێچیری توركەكان.”