بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا نرخی یەك كیلۆ ماسی بە 8 هەزار و 500 دینار بۆ 9 هەزار دیناردایە و دوای بڕیاری هەڵگرتنی قەدەغەی راوەماسی، چاوەڕواندەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا نرخەكەی دابەزین بەخۆوە ببینێت.
سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەهۆی قەدەغەكردنی راوەماسی نرخەكەی لە بازاڕدا بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیبوو و یەك كیلۆ ماسی گەیشتووەتە 8 هەزار و 500 دینار بۆ 9 هەزار دینار، بەڵام دوێنێ قەدەغەی راوەماسی هەڵگیرا و ئەوەش كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخەكەی دەبێت.
بە بڕوای بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی چاوەڕواندەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا نرخەكەی دابەزین بەخۆوە ببینێت و نرخی یەك كیلۆ ماسی بگاتە 4 هەزار بۆ 4500 دینار.