کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە ناوچەکانمان دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی ئاسمان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت، لە کاتەکانی دواینیوەڕۆ لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت کە هەندێک کات هەورەبروسکەی لەگەڵدا دەبێت، پلەی گەرمی لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ نزیکدەبێتەوە.
دەشڵێت، سبەینێ شەممە ئاسمان نیمچەهەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لە نیوەڕۆدا شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە ناوچەکانمان دەکات، سەرەتا کەمێک نمەباران دەبێت پاشان کاریگەریی دابارین زیاددەکات لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارانبارین بەردەوامدەبێت، پلەی گەرمی بە نزیکی 1 تاوەکو 3 پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ نزمتر دەبێت.