گۆڤاری دارایی جیهانیی ئەمریکی، کە تایبەتە بە بابەتە دارایی و ئابوورییەکانی وڵاتانی جیهان دەڵێت، عێراق لە پلەی شەشەمی ئەو وڵاتانەی جیهانە کە بەرزترین رێژەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی گشتییان لە ساڵی 2022دا هەبووە.
گۆڤارەکە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، گەشەی ئابووری پێشبڕکێیەکە هەندێک وڵات پلانیان بۆ پێشکەوتنی درێژخایەن داناوە، هەندێکی تریش سەرچاوەکانی خۆیان بەفیڕۆداوە.
بەڵام شارەزایان پێشتر هۆشدارییان داوە لە خراپ بەڕێوەبردنی داهاتەکانی دەرهێنانی نەوت کە لە مێژوودا پەیوەندیی بە خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری و گەندەڵی و پاوانخوازی و کۆمەڵێک نەخۆشیی کۆمەڵایەتییەوە هەبووە.
دەتوانرێت بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتێک بە کۆی بەهای دراوی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە لە ماوەی ساڵێکدا لە سنوورەکانیدا بەرهەم هێنراون پێناسە بکرێت.
بەپێی گۆڤارەکە، “عێراق لە پلەی شەشەمی ئەو وڵاتانەی جیهاندایە کە بەرزترین رێژەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیان لە ساڵی 2022دا هەبووە، بە رێژەی 9.7%، لە کاتێکدا لە ساڵی 2021دا 5.9% بووە”.
رونیشیکردەوە، “بەرزترین رێژەی گەشەکردن لە جیهاندا بۆ بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی 2022 بۆ گویانا بووە، بە رێژەی گەشەسەندنی 24.1%، لە دوای ئەویش ماکاو دێت، بە رێژەی گەشەسەندنی 15.2%، لە دوای ئەویش باربادۆس دێت، بە رێژەی گەشەی 2022”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمترین رێژەی گەشەکردن لە جیهاندا بۆ بەرهەمی ناوخۆیی گشتی لە ساڵی 2022دا ئۆکرانیا بووە، کە تێیدا -35% تۆمارکردووە، لە دوای ئەویش روسیا -8.5%، لە دوای ئەویش بێلاروس 6.5%.