حكومەتی هەرێم جەخت لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغداد دەكاتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا جەخت لەسەر رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بودجە دەکاتەوە و داواش لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات شایستە داراییەکانی هەرێم بکەن.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران كۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا وەك ئەوەی لە راگەیەندراوەكەیدا هاتووە، سەرۆک وەزیران تیشکی خستەسەر دوا پێشهاتەکانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی (2023-2025) و بابەتی هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چێوەی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ واژووکراوە.

ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنەكە دووپاتکردەوە کە “دەرەنجامی گفتوگۆیەکی چڕ و لەسەر بنەمایەکی یاسایی و زانستیانە و دادپەروەرانە بووە، بۆیە داکۆکی لە دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات”.

داواش لە گشت فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە بە هەماهەنگی و لەپێناوی یەکڕیزی، بەرگری لە مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێم لەناو پرۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بکەن.

لە بڕگەی دووەمدا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، راپۆرتێکی لەبارەی داڕشتنی کۆدی بیناسازی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و رێنمایی نوێی وەزارەتەكەی بۆ پلانسازی و تۆمارکردنی ئەلکترۆنی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

وەزیری شارەوانی ئاماژەیدا بە رێکخستنەوەی رەوشی بیناسازیی لە هەرێم لە رێگای داڕشتنەوەی کۆدی بیناسازی و نوێکردنەوەی پرۆسەی رێپێدانی بیناكردن بە ئاراستەی کۆنتڕۆڵکردنی شێواوی لە ژینگەی بیناسازی و رێگرتن لە سەرپێچی و زامنکردنی سەلامەتی لە ئاگرکەوتنەوە و سەلامەتی دامەزراوەی کارەبایی و میکانیکیی ناو بینا و باڵەخانەکان و سەلامەتیی پێکهاتە و کارامەیی لە ووزە و هەنگاونان بۆ بە ئەلکترۆنیکردنی پرۆسە و رێکاری رێپێدانیی بینا.

لە بڕگەی سێیەمدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، کورتەیەکی دەربارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە دیاردەکانی سیم کارتی بێخاوەن، ئۆتۆمبێلی بێبەرایی و تۆمارنەکراو و چەکی بێمۆڵەت و هەنگاوەکانی وەزارەتەكەی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە خستەڕوو، ئاماژەی بە بەرەوپێشچوون و گرفت و بەربەستەکان دا، هەروەها باسی لە هەماهەنگی هاوڵاتیان لەمبارەیەوە کرد و ئەوەشی خستەڕوو کە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموز، وادەی دیاریکراو بۆ تۆمارکردنی چەکی تۆمارنەکراو کۆتایی دێت و لەو کاتە بەدواوە، بە گوێرەی یاسای نوێی چەک لە هەرێمی کوردستان، رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی ناوخۆی راسپارد کە بەردەوام بن لە رێکارەکانیان بۆ بەرگرتن لەو دیاردانە و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی تاوان و توندوتیژیی و پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان.

لە كۆتایشیدا هەریەك لە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزیری ناوخۆ، باسیان لە بابەتی دەستنیشانکردنی قەدەغەکراویی رێگە گشتییەکان لە دەرەوەی شارەکان و بەرگرتن و لابردنی زیادەڕەوییەکان لەبەر رۆشنایی یاسای رێگە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری راسپاردنی هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ناوخۆی دا کە بەردەوام بن لە رێکارە هاوبەشەکانیان و پێویستە سەرۆکی یەکە کارگێڕیەکانیش لە سنووری پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ و قەزا و ناحییەکانیان، چالاکانەتر کاربکەن بۆ لابردنی هەر زیادەڕەوییەک لەسەر رێگاوبانە گشتیەکان و بەرگرتن لەهەر هەوڵێکی زیادەڕۆیی و رووبەڕووکردنەوەی سەرپێچیکاران لە بەرامبەر یاسا و وەرگرتنی رێکاریی قەزايی بەرامبەریان.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دوو تۆمەتبار كە بە زەبری چەك ئۆتۆمبێلێكیان لە هاوڵاتییەك سەندبوو دەستگیركران

لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی سلێمانییەوە دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە ئۆتۆمبێلێكیان بەزەبری چەك لە هاوڵاتییەك سەندبوو. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی…
Total
0
Share