هەولێر.. هێزێكی زۆری ئەمنی لە بەردەم دادگا جێگیركراون

بۆ رێگری لەهەر ناڕەزایەتییەكی كەسوكار، هاوڕێ و پارێزەری چالاكوانانی بادینان، هێزێكی زۆری ئەمنی لە بەردەم دادگای هەولێر بڵاوەپێكراون، وەك ئەوەی پەیامنێرمان لە هەولێر پێیڕاگەیاندین.

وتیشی، هێزەكان بە ژمارەیەكی بەرچاو لە بەردەم دادگا بەدیدەكرێن.

سەرەڕای تەواوكردنی ماوەی یاسایی سزاكەی تائێستا گوهدار زێباری یەكێك لە چالاكوانانی بادینان ئازادنەكراوە.

بەپێی یاسا دەبوو دوێنێ چوارشەممە 16ی ئاب گوهدار زێباری پاش تەواوكردنی ماوەی سزادانی دووەمی ئازادبكرێت، بەڵام تائێستا ئازادنەكراوە.

لە 15ی ئازاری رابردوو لە دانیشتنێكی دادگادا بەبێ ئاگاداركردنەوەی پارێزەرانی، گوهدار زێباری بە حەوت مانگی دیكە زیندانیكردن سزادرا، تەنها بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی.

پێشتر كامەران سارمەمی، ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە چالاكوانانی بادینان رایگەیاند، دوای تانەدان لە بڕیاری دادگا ماوەی سزاكەی گوهدار زێباری لە حەوت مانگەوە بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە.

وتیشی، “پێمانوایە كاریگەری لەسەر دادگا هەیە، دەبوایە سزای ئەو چالاكوانە بە پێبژاردن بوایە” نەك سزای زیندانیكردن.

سارمەمی ئەوەی خستەڕوو، چالاكوانەكە ئاشكرایكردووە كە ئۆتۆمبێلەكەی بەو جۆرە كڕیوە و دەستكاری لۆگۆی نەكردووە. باسی لەوەشكرد، دەبوو كۆمپانیای تۆیۆتا ئەو سكاڵایەی بكردایە، نەك بە مافی گشتی دۆسیەكە بجوڵێندرێت.

شەوی رابردووش ئاسایشی ھەولێر رێگری لە پارێزەران و كەسوكاری گوهدار زێباری و رۆژنامەنووسانی بادینان كرد كۆنفرانسی رۆژنامەوانی ئەنجامبدەن.

پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە هەولێر گواستیەوە، بڕیاربوو دژی ئازادنەكردنی ئەو رۆژنامەنووس و چالاكوانیی بادینان، كۆنگرەی رۆژنامەوانی لەلایەن پارێزەر و كەسوكار و چالاكوانان و رۆژنامەنووسانی بادینان لە هەولێر كاتژمێر 10ی شەو ئەنجامبدرێت.

وتیشی، بەڵام لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە رێگرییان لێكرا و بڵاوەیان پێكرا.

بابەتی پێشتر

راپەڕین.. بەهۆی دوو رووداوی تەقەکردنەوە دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکران

بابەتی دواتر

تا ئێستا زانیوتە هەنگوینیش بەسەردەچێت؟.. چۆن تەنها بە زمانت دەزانیت هەنگوینەکەت تەواو سروشتییە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share