كازمی سەبارەت بە موچەی ساڵێك زانیاری دەخاتەڕوو

مسته‌فا كازمی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا-ی بە تیرۆریستی ناوزەد كرد و دڵنیاییشی دا كە پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتوو كاریگه‌ری له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق نابێت.

مستەفا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا لە بەغداد ئەمڕۆ دووشەممە 21ی كانونی یەكەم ڕایگه‌یاند، “ده‌ستدرێژیی دوژمنكارانه‌ بۆسه‌ر ناوه‌نده‌ دیپلۆماتییه‌كان به‌هیچ شێوەیەك قبوڵناكه‌ین.”

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشكراشیكرد كە چەند تۆمەتبارێکی موشەكبارانەكەی شەوی ڕابردووی ناوچەی سەوزی بەغداد دەستگیرکراون و وتی، “هێرشه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی ناوچه‌ی سه‌وز، هێرشێكی تیرۆرستیی ترسنۆكانه ‌بوو.”

كازمی سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 كە كەمێك لەمەوبەر لەلایەن حكومەتەكەیەوە پەسەندكرا، ڕایگەیاند، “پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتوو كاریگه‌ری له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نابێت.”

لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا مستەفا كازمی وتیشی، “وەزیری تەندروستیی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکاندا گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا هاوردەی عێراق بکات.” ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو ڕێككەوتنەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر-ی ئەمریكیدا كردوویەتی بۆ دەستەبەركردنی ڤاكسینی دژەكۆرۆنا بۆ هاوڵاتییانی عێراق.

بابەتی پێشتر

سەدڕ داوایەك ئاڕاستەی بازرگانان دەكات

بابەتی دواتر

وەزیری كار: 40%ی موچەی سەرۆكایەتییەكان و 30%ی وەزیر و پەرلەمانتاران كەمدەكرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share