” سەڵاح بەختەوەر نییە و لە یارییەکەی میتیلاندەوە هەست بە توڕەیی دەکات “

ئەبوتریکە بەدووری نازانێت محەمەد سەڵاح ڕوو لە ڕیاڵ یان بارسا بکات

ئەستێرەی دێرینی هەڵبژاردەی میسڕ و یانەی ئەهلی، محەمەد ئەبو تریکە ڕایدەگەیەنێت، کە محەمەد سەڵاح لە یانەی لیڤەرپوڵ بەختەوەر نییە و مافی خۆیەتی بیر لە ڕۆیشتن بکاتەوە.

محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی لیڤەرپوڵ لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ڕاگەیاندووە، ” ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە دوو یانەی گەورەن، کێ دەزانێت لە داهاتوودا چی ڕوودەدات، بەڵام لە ئێستادا سەرنجم لەسەر نازناوەکانی پریمەرلیگ و چامپیۆنزلیگە بەدرێسی لیڤەرپوڵەوە”.

محەمەد سەڵاح بەهۆی پێنەبەخشینی باندی کاپتنی لیڤەرپوڵەوە خەمبارە

لەبارەی متمانە پێنەدانی وەک کاپتنی لیڤەرپوڵ لە ڕوبەڕوبوونەوەی میتیلاند لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، ڕایگەیاندووە، ” بەڕاستی پێتان دەڵێم، هەستم بە بێهیوابوون کرد، حەزمدەکرد لەو یارییەدا ببمە کاپتنی یانە، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیار بڕیاری ڕاهێنەرە و پێی ڕازیم”.

یاریزانی دێرینی میسڕ و هاوڕێی نزیکی سەڵاح، محەمەد ئەبو تریکە لە شیکاریەکانی بۆ کەناڵی “بی ئین سپۆرتس”ی قەتەری، ڕایدەگەیەنێت، ” سەڵاح توڕەیە، لەبەرئەوەی لە ڕوبەڕوبوونەوەی میتیلاند باندی کاپیتانۆی لیڤەرپوڵی پێنەدرا، لەکاتێکدا هێندێرسۆن و میڵنەر بەشداری یارییەکە نەبوون”.

محەمەد ئەبوتریکە و محەمەد سەڵاح لە یەکێک لە پرۆگرامەکانی بی ئین سپۆرتس

هەروەها دەڵێت، “سەڵاح دەزانێت چی دەکات، توڕەیە و مافی خۆشیەتی بیر لە ڕۆیشتن ڕووەو یەکێک لە یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە بکاتەوە، باوکی مەککە پێویستە لە لیڤەرپوڵ وەک ئەستێرەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک وەک یاریزانێکی ئاسایی”.

ئەبوتریکە پەیامی توند ئاڕاستەی یۆرگن کلۆپ و ئیدارەی “ڕێدز” دەکات و دەڵێت، ” لە برونۆ فێرناندێز بڕوانە، باندی کاپتنی مانچستەر یونایتدی بەستووە، لەکاتێکدا محەمەد سەڵاح هەرگیز ئەو باندەی بە باڵەکانیدا هەڵنەواسیوە، ئەبو مەککە مافی خۆیەتی کاپتنی میسڕ بێت، بەڵام لە لیڤەرپوڵیش ئەستێرەیە، پێویستە کلۆپ بیکاتە کاپتن”.

محەمەد سەڵاح لە ساڵی 2017وە درێسی یانە سوورە زەبەلاحەکەی ئینگلتەرای پۆشیوە، 173 یاریکردووە و 110 گۆڵی تۆمارکردووە، 45 گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی ڕەخساندووە.

بابەتی پێشتر

وردەکاری کاریگەری ڤاکسینەکان لەسەر جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

بابەتی دواتر

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر لە 800 فەرمانبەر لە هەرێم دادەمەزرێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share