زیانەکانی بەردەوامی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم زیاترە لە 1.5 ملیار دۆلار

لەگەڵ ئەوەی ناو بە ناو ئاماژە هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ماوەی راگرتنی هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە خۆی دەدات لە دوو مانگ.

لە 25ی ئازاردا، وڵاتی تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لەڕێگەی بەندەری جیهانەوە راگرت کە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل بوو.

ئەو هەنگاوەی تورکیاش دوای بڕیاری دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بوو کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە رێگەی تورکیاوە بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق بە نایاسایی دانا و بڕیاریدا تورکیا بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووی ئەو هەناردەکردنە بدات بە بەغداد کە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە “بێ مۆڵەت”ی بەغداد رەوانەکراوە و فرۆشراوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، مەزەندە دەکرێت، وەستانی 59 رۆژەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری زیانی بە حکومەتی هەرێم گەیاندووە.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، راگرتنی ئەو کێڵگە نەوتییانە، جگە لە سنوورداربوونی شوێنی عەمبارکردن لە ناوچەکەدا، لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا زۆربەی بەرهەمهێنانی هەرێمی راگرت کە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل بوو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو کێڵگانەی بەردەوام بوون لە بەرهەمهێنان، ناتوانن کاربکەن یان زۆر بە کەمی کاردەکەن.

کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی ڕایگەیاندووە، کێڵگەی تەق تەق کە 4500 بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەمدەهێنێت و کارناکات.

راپۆرتەکەی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەڵێت، ئێستا کێڵگەی خورمەڵە رۆژانە نزیکەی 50 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت.

ئەمەش بەراورد بە مانگێک لەمەوبەر 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و پێش داخستنی بۆرییەکە 135 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمیکردووە.

ئەو زیانانەی لەئەنجامی زیانەکانی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا هاتووەتە ئاراوە زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

عێراق لەم مانگەدا داوای لە تورکیا کرد کە لە 13ی ئایارەوە رۆیشتنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جیهانەوە دەستپێبکاتەوە.

بەرپرسێکی نەوتی عێراقی رایگەیاند، کۆمپانیای بۆتاسی تورکی بۆری نەوت ڕایگەیاندووە، پێویستیان بە کاتێکی زیاترە بۆ دڵنیابوون لە توانای تەکنیکی بۆرییەکە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

بەڵام ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا کە بۆتاس تا ئێستا ڕێنمایی لە دەسەڵاتدارانی تورکیا وەرنەگرتووە و بە پشتبەستن بە پەیوەندی نافەرمی لەگەڵ بەرپرسانی وزەی تورکیا ئەو زانیارییەی داوە.

رۆژی 13ی ئایار، وەزارەتی نەوتی عێراق، لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە، عاسم جیهاد، دووپاتیکردەوە سەرجەم رێکارەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە تەواوبووە.

وتی، لایەنی عێراقی سەرجەم رێکارەکانی پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی تەواوکردووە، دەسەڵاتدارانی تورکیاش لەوە ئاگادارکراونەتەوە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانن .

جگە لەوەش ئاژانسی بلومبێرگی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، بەرپرسانی تورکیا، رایانگەیاندووە، دەیانەوێت دانوستان بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلارەی دەبێت تورکیا وەک قەرەبوو بیدات بە عێراق پێش کردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەندەری جیهانەوە.

لای خۆیەوە بەرپرسێکی عێراقی بە ئاژانسی بلومبێرگی ڕاگەیاندووە، تورکیا عێراقی ئاگادار کردۆتەوە کە کارەکانی چاکسازی لە بەندەرەکە، بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی بوومەلەرزەکانی ئەم دواییە بەریکەوتوون، هێشتا بەردەوامە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردە دەکات، کە نزیکەی 10%ی کۆی بەرهەمی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت.

بابەتی پێشتر

لە رووداوێکی هاتوچۆدا پێنج ئەندامی خێزانێک برینداربوون

بابەتی دواتر

لیژنەی کشتوکاڵ: وشکەساڵی هێشتا مەترسییەکی گەورەیە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی دراوە بیانییەکان

نرخی دراوەكان بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوکرانەوە، لە دۆلار بەراورد بە پێشوو دابەزیوە. لە بازاڕی…
Total
0
Share