هاوردەكارانی ئۆتۆمبێل و بازرگانانی دیكە دەگرێتەوە
بەغداد بڕیارێكی نوێی بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار دەركرد

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا هاوردەكارانی (زێڕ، ئۆتۆمبێل، مۆبایل و جگەرە) سوودمەندبن لە خزمەتگوزاریی پەنجەرەی حەواڵەی دارایی دەرەكی.

بڕیارەكە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەكە بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سودانی دەرچوو.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیران، لە بواری رێكخستنی بازرگانی و كاری هاوردەكردنی هەندێك ماددە و شمەكدا، كە بازرگانان ناچارن پەنا بۆ بازاڕی نافەرمیی دراوە بیانییەكان ببەن، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هاوردەكارانی (زێڕ، ئۆتۆمبێل، مۆبایل و جگەرە) سوودمەندبن لە پەنجەرەی حەواڵەی دارایی، كە ببێتە ئاسانكاری بۆ هاوردەكارانی ئەو شمەكانە تا دۆلاریان بە نرخی فەرمی پێبدرێت و بەوەش دووربكەونەوە لە كڕینی لە بازاڕی نافەرمیدا.

ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارەكە “كاردانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر دابەزاندنی نرخی دراوی بیانی لە بازاڕی نافەرمی، بەهۆی ئەوەی بازرگانانی ئەو ماددانە بەشێكی گەورەی خواست لەسەر دراوی بیانی لە بازاڕدا پێكدەهێنن”.

بڕیارەكە كەمكردنەوەی رەسمی گومرگی لەسەر كۆنتێنەر، كەمكردنەوەیەكی دیكە لەسەر رەسمی هاوردەی جگەرە لەخۆدەگرێت، جگە لە ئاسانكاریی رێوشوێنەكانی هاوردەكردنی زێڕ لەڕێی دەروازە ئاسمانییەكان و بە خزمەتگوزاریی 24 كاتژمێری، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە وەك هەوڵێكی دیكە بە ئاراستەی جێگیركردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، بڕیاروایە هەفتەی داهاتوو شاندێكی بانكی ناوەندیی عێراق لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا كۆببێتەوە.

لەوبارەیەوە میدیا عێراقییەكان لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاویانكردەوە، “كۆبوونەوەكە تایبەت بە دۆلار و كاری بانكەكان لە عێراق دەبێت”.

بەمدواییەش رێككەوتنێك لەنێوان بانكی ناوەندیی عێراق و لایەنی ئەمریكدا ئەنجامدرا و بووەهۆی زیادبوونی ئەو بانكانەی دەتوانن رەسیدیان بە دۆلار پەرەپێدەدەن بۆ 10 بانك، كە پێنج بانكیان لەڕێی (سیتی بانك) و پێنجەكەی دیكەیان لەڕێی بانكی (چی پی مۆرگان)ەوە دەبێت

بابەتی پێشتر

كێشەیەكی نێوان هەرێم و بەغداد ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

عەلی حەمەساڵح: هەرێم داوای سێ 700 ملیار دیناری دیكە بۆ مووچە لە بەغداد دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share