جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا خەریكە بەریتانیا لە جیهان دادەبڕێت

بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەوروپا و هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی سەرجەم گەشتەكانیان لەگەڵ بەریتانیادا هەڵپەسارد، هۆكارەكەشی بۆ بڵاوبوونەوەی جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێندرێتەوە.

وڵاتی بەلجیكا ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی كانونی یەكەم ڕایگەیاند، سنوورەكانی لە بەردەم ئەو شەمەندەفەر و فڕۆكانە دادەخات كە لە بەریتانیاوە دەچنە وڵاتەكەی.

ئالیكساندەر دی كرۆ، سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا ئاماژەی بەوەكردووە، “قەدەغەی سەر گەشتەكانی بەریتانیا بۆ ماوەی 24 كاتژمێر كارا دەبێت لە ناوەڕاستی شەوی یەكشەممەوە”.

سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا ئەوەشی خستوەتەڕوو، “لە پەیوەندیداین لەگەڵ فەڕەنسا لەبارەی ئەو كەسانەی بە وشكانی لە بەریتانیاوە دێنە ئەوروپاوە”.

لای خۆشیەوە وڵاتی هۆڵەندا ڕایگەیاندووە، گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ بەریتانیا هەڵپەساردووە، حكومەتی ئەو وڵاتە ئاشكرایكردووە، “ئەو گەشتە ئاسمانییانە قەدەغەكراون كە گەشتیاری بەریتانیان هەڵگرتووە، ئەو بڕیارەش تا یەكی مانگی كانونی یەكەم بەردەوام دەبێت”.

هەروەها ئیتاڵیاش هەمان هەنگاوی جێبەجێكردووە و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، “كاری لەپێشینەی ئێمە پاراستنی ئیتاڵیا و هاوڵاتییەكانییەتی”.

وەزارەتی تەندروستیی ئەڵمانیاش ئەمڕۆ ڕایگەیاند، “ئەڵمانیا كۆت و بەند دەخاتە سەر گەشتە ئاسمانییەكانی بەریتانیا و باشووری ئەفریقا، كە جۆرێكی نوێی كۆرۆنایان تێدا سەری هەڵداوە”.

لای خۆشییەوە وڵاتی ئیسپانیا داوای كردووە، ئەنجومەنی ئەوروپا لەسەر ئەو بارودۆخە و ڕێوشوێنەكان بێتە دەنگ.

ئاژانسی ئابای نەمسایی لە وەزارەتی تەندروستیی نەمساوە هەواڵێكی بڵاوكردووەتەوە، ئەو وڵاتە دەیەوێت گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ بەریتانیادا هەڵپەسێرێت.

بۆ هەمان مەبەست، ئاژانسی ئینتەر فاكس ئاماژەی بەوەكردووە، ئەنجومەنی ئەوروپا بە سەرۆكایەتیی شارل میشێل ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجامداوە بۆ تاووتوێكردنی ئەو بارودۆخەی بەهۆی ڤایرۆسە نوێیەكەوە لە بەریتانیا هاتووەتە ئاراوە.

لەلایەكی دیكەوە، دەستەی فڕۆكەوانیی شارستانیی كوەیت وەك یەكەم وڵاتی عەرەبی ڕایگەیاند، بە بڕیاری دەسەڵاتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، بڕیاریان داوە گەشتە ئاسمانییەكانی بەریتانیا بۆ كویت قەدەغە بكەن.

جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەنگی بە ئەوروپا هەڵچنیوە

ئەوەش لەكاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ ماریا ڤان كیرخۆف، شارەزایەكی ئەمریكی لە نەخۆشییە بەپەلەكاندا كە هاوكات لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی كاردەكات، ڕایگەیاندووە، “دانیمارك و هۆڵەندا و ئوسترالیا ئەو وڵاتانەن كە تائێستا جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنایان تێدا تۆماركراوە”.

ئەو بەرپرسە هۆشداری ئەوەشی داوە، ڤایرۆسە نوێیەكە توانای بڵاوبوونەوەی زیاترە، توێژینەوەكانیش لەبارەیەوە بەردەوامن.

ماریا ڤان كیرخۆف ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی تووشی نیگەرانی بووە بەهۆی ئەو ڤایرۆسە نوێیەی كۆرۆنا.

ئەوەش لەكاتێكدایە حكومەتی بەریتانیا باری لەناكاوی بەهۆی ئەو جۆرە نوێیەی كۆرۆنا بەرزكردەوە، ئەمڕۆش وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە ئاشكرایكرد، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە “لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە”.

بابەتی پێشتر

مانچستەر یونایتد 6-2 لیدز یونایتد

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) لیستەر و مانچستەر یونایتد، تۆتنهامیان لە "بیگ فۆر" کردە دەرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هۆشدارییەکی بەپەلە بۆ ملیۆنان بەکارهێنەری ئایفۆن: تەندروستیتان لە مەترسیدایە

کۆمپانیای ئەمریکیی ئەپڵ هۆشدارییەکی بەپەلەی بۆ ملیۆنان بەکارهێنەری مۆبایلی ئایفۆن بڵاوکردەوە کە خۆی بەرهەمیدەهێنێت، سەبارەت بە تەندروستیی بەکارهێنەرانی…
Total
0
Share