هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ناوەڕاستی ئەم مانگە بە وادەی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە دیاریدەكات.
ئەمڕۆ هاوپەیمانییەكە بە سەرۆكایەتیی عەمار حەكیم و بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا خاڵەكانی بەرنامەی كار پەیوەست بە كاروباری حكومەت، پەرلەمان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان تاوتوێكرا كە حكومەتی خزمەتگوزاریی نیشتمانی دەتوانێت لە قۆناغی داهاتوودا پێشكەشی بكات، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.
ئەوەشی خستەڕوو، هاوپەیمانی رۆژی 17ی ئەم مانگەی وەك وادەی سەرەتایی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دیاریكرد، پاش وەرگرتنی سەرجەم تێبینییەكان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بەجۆرێك گونجاو بێت لەگەڵ بەرنامەی حكومی.
سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنیش ئامادەبووان داوای ئامادەكردنی سەرجەم پێویستییەكانیان كرد بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەكە لە وادەی دیاریكراویدا لە كۆتایی ئەمساڵ.