وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتەكەی لەبارەی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی ڕاگەیەندراوێكی دەبێت و ئاشكراشیكردووە، لەگەل هەرێم ڕێككەوتوون.
عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ شەممە 19ی كانونی یەكەم ڕایگەیاند، “وەزارەتی دارایی ڕاگەیەندراوێك دەردەكات بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بۆ 1450 دینار بۆ هەر دۆلارێك”.
عەلاوی ئەوەشی وتووە، “حكومەتی عێراق بەهای 1450 دیناری بۆ یەك دۆلار بۆ بانكی ناوەندی دیاریكردووە، ئەو زیادەشی كە بانكەكە دەیخاتە سەری زۆر نییە و بەهاكەی دەگەیەنێتە 1490 دینار بۆ هەر دۆلارێك”.
وەزیری دارایی عێراق ئەوەشی ئاشكراكردووە، “گەیشتوین بە ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021”.
ئاشكراشیكردووە، “هەرێمی كوردستان نەوتەكەی پێنج بۆ حەوت دۆلار كەمتر دەفرۆشێت بەراورد بەو نەوتەی كۆمپانیای سۆمۆ دەیفرۆشێت”.
عەلاوی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “شاندەكەی هەرێم لە بەغدادن و گفتوگۆكان لەبارەی شایستەكانی هەرێم بۆ ساڵی 2020 بەردەوامییان هەیە”.
وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، “خەرجییەكانی ئیستای دەوڵەت هەڕەشە لە یەدەگی بانكی ناوەندیی عێراق دەكەن، كورتهێنان دەگاتە 100 تریلیۆن دینار ئەگەر چاكسازیی بەپەلە ئەنجام نەدەین”.
ئەمڕۆ بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لەنێوان 135 بۆ 137 هەزار دینار بوو بۆ هەر 100 دۆلارێك و بەهاكەی ناجێگیرە.