‘دەمانەوێت لەگەڵ كوردستان ڕێكبكەوین و كێشەكان چارەسەر بكەین’

حسێن عیقابی، ئەندامی پارتی فەزیلە لە فراكسیۆنی “نەهج وەتەنی” لە پەرلەمانی عێراق، بۆچوونی فراكسیۆنەكەی سەبارەت بە دانوستاندنەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و هەوڵەكانی ڕێككەوتن دەخاتەڕوو و جەختدەكاتەوە كە خوازیاری ڕێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەكانن.

عیقابی لە لێدوانێكدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا” ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی كانونی یەكەم ڕایگەیاند، “ئێمە بە پێویستی دەزانین ڕێككەوتنی گشتگیر بكرێت بەپێی دەستوور كە كۆكەرەوەی هەموو پێكهاتەكانە. پێمان باشە ڕێككەوتنی تەواو و هەمەلایەنە بكرێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان-دا و بە یەكجاریی كۆتایی بە كێشە هەڵپەسێردراوەكان بهێندرێت.”

وتیشی، “پێویستە ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، ماف و ئەركەكان لەخۆبگرێت و دیارییان بكات و ئەو داهاتانەی هەرێم كە بەپێی دەستوور لەچوارچێوەی دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی-دان، بگەڕێندرێنەوە بۆ بەغداد، بۆ ئەوەی دواتر داهاتەكان بە دادپەروەری دابەش بكرێن.”

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی “نەهج وەتەنی” كە ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێرق-ـە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ساڵانێكە خوازیاری ڕێككەوتنن و وتی، “ساڵانێكە هەوڵدەدەین كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام ماوەی سێ ساڵە حكومەتی فیدراڵی، حكومەتی هەرێم بە شێوەیەكی نایاسایی پارەدار دەكات بەبێ ئەوەی هەرێم پابەندییەكانی خۆی بەجێبهێنێت و داهاتی نەوت و دەروازە سنوورەكان ڕادەست بكات. هەرێمی كوردستان گرێبەستی نایاسایی كردووە لە دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت و نرخی فرۆشتنیشیدا، بۆیە زۆر خوازیارین چارەسەری ڕیشەیی بۆ كێشەكان بدۆزرێنەوە، چونكە گەلی كوردستان بەشێكن لە گەلانی عێراق و پێویستە مافیان پارێزراوبێت.”

بابەتی پێشتر

هیلاس ڤیرۆنا 1-2 ئینتەرمیلان

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ڕیاڵ مەدرید بە بردنەوەی لە غەڕناتە ئەتلەتیکۆی گرتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
12
Share