بافڵ جەلال تاڵەبانی: سێكتەری پەروەردە بەرەو ئاستێكی باڵاتر و سەردەمیانەتر ئاڕاستە دەكەین

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستاندا پەیامێكی بڵاوكردەوە و پیرۆزبایی لە خوێندكارانی كوردستان دەكات.

لە پەیامەكەی سەرۆك بافڵدا هاتووە، لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە خوێندكارانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم و مێژووی خەباتی درەوشاوەی كۆمەڵەی خوێندكاران لە شۆڕشی نوێ و تێكۆشانی بەردەوامی كۆمەڵەكە لە پێناو سەرفرازیی كوردستاندا، مایەی شانازیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و هەوڵەكانیشی لەپێناو بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی هۆشیار و ئازادیخواز كە تێیدا خوێندكاران وەك هێز و وزەیەكی نوێ رابەڕایەتیی كۆمەڵگە بكەن، جێگای ستایش و پێزانینمانە.

سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، “لە دوای سەركەوتنە بەردەوامەكانی كۆمەڵەكە لە رابردوودا و بەدیهێنانی ئامانجەكانی لەو قۆناغە دژوارەی كوردستاندا، بەڵێنتان پێدەدەم ئەمساڵ كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان بە ستراتیژێكی نوێ و سەردەمییانەوە درێژە بە خەباتی مەدەنی و رێكخراوەیی خۆی دەدات و ئامانجەكەشی دوور لە هەموو بەرژەوەندییەكی حزبی و تایبەت، تەنها لە خزمەت بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی خوێندن و مافە رەواكانی خوێندكاراندا دەبێت”.

سەرۆك بافڵ ئاشكرایدەكات و دەڵێت، لە ماوەی رابردوودا بە خۆشحاڵییەوە دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا لە نزیكەوە لەگەڵ خوێندكارانی كوردستان دەربارەی پڕۆسەی خوێندن و خوێندنی باڵا لە هەرێم، مافەكانی خوێندكاران و هەوڵەكان بۆ هێنانەكایەی خوێندنێكی هاوچەرخ و تەندروست گفتوگۆ بكەین و كێشە و گرفتەكان دەستنیشان بكەین و هەر ئەوكات بەڵێنماندا هاوكار و پشتیوانیان بین و دەرئەنجامی بەڵێنەكانیشمان لە نۆژەنكردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان، دابینكردنی پێداویستییەكان و خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران راستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە ئێمە بووین بۆشایی كەمتەرخەمی حكومەتمان پڕكردەوە و ئەو ئەركەمان لە ئەستۆ گرت، ئەركێك كە بە شانازییەوە چووین و دەچینە ژێرباری و هەر شتێكیش كردوومانە و دەیكەین، لەپێناو گەنجان و لاوانی وڵاتەكەم بووە”.

لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكاراندا سەرۆك بافڵ جەختدەكاتەوە، بۆ قۆناغی نوێی كاركردن و هەوڵەكانمان لەپێناو گۆڕانكاری ریشەیی لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردندا، ئامانجمان روونە و دەمانەوێت ئەم سێكتەرە گرنگە لە هەرێمی كوردستان بەرەو ئاستێكی باڵاتر و سەردەمیانەتر ئاڕاستە بكەین و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نایەوێت دەستووەردان لە كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بكات، بەڵام شانازی دەكات كە پشتیوان و هاوكاربێت بۆ بەرەوپێشچوونی خوێندن لە هەرێمی كوردستان و بەدیهێنانی مافەكانی خوێندكاران و بێگومان كە دەڵێین خوێندكاران مەبەستمان سەرجەم خوێندكارانی خۆشەویستی كوردستانە بە هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەكانەوە و لەبەرچاوگرتنی پاشخانی حزبی و سیاسی، بەشێك نییە لە ستراتیژی كاركردنمان.

هەر لە كۆتایی پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتیدا هاتووە، بەرەوپێشچوونی ئاستی زانستیی زانكۆكان و بونیادنانەوەی پەیوەندییەكی تەندروست لە نێوان مامۆستا و خوێندكار، كۆنفرانس و هەماهەنگی بەردەوامی نێوان زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە زانستییە جیهانییەكان، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و رەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ خوێندكاران، ئامانجی داهاتووی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان دەبێت و بە پشتیوانیی گەنجە خۆشەویست و لێهاتووەكانی كوردستان، رۆحێكی نوێ بە بەر پڕۆسەی پەروەردە و خوێندندا دەكەین.

بابەتی پێشتر

زانكۆی سلێمانی خوێندكارانی رەوانەی چین دەكات

بابەتی دواتر

دۆلار بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share