سەرۆكی فەرەنسا واژووی پرۆژە یاسای چاكسازیی سیستمی خانەنشینی كرد و، بەڵگەنامەكە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبووەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا واژووی یاسای چاكسازیی سیستمی خانەنشینی كرد كە تیایدا تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون لە وڵاتەكەدا بۆ 64 ساڵ بەرزدەكاتەوە، وەك ئەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبووەتەوە.
دوێنێ ئەنجومەنی دەستووری فەرەنسا پرۆژە یاساكەی لەبارەی بەرزكردنەوەی تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون لە 62 ساڵ بۆ 64 ساڵ پەسەندكرد كە لە ساڵی 2030ەوە جێبەجێ دەكرێت.
لە ئازاری رابردوو ئیلیزابێس بۆرن، سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا ماددەی 49.3ی دەستووری وڵاتی بەكارهێنا بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی لەسەر هەمواری پرۆژە یاساكە بەبێ دەنگدانی پەرلەمان.
ئەم دەستپێشخەرییە ناڕەزایەتییەكی گەورەی میللی بەدوای خۆیدا هێنا و زیاتر لە یەك ملیۆن خۆپیشاندەری لە سەرتاسەری وڵاتدا كۆكردەوە. خۆپیشاندانەكە كاری تێكدەرانەی بەرفراوان و پێكدادانی لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا هێنایە ئاراوە.
پاش راگەیاندنی بڕیارەكەی ئەنجومەنی دەستووری، سەندیكاكانی فەرەنسا رایانگەیاند، رەزامەند نین لەسەر ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ حكومەت دەربارەی گۆڕانكاریی سیستمی خانەنشین بەر لە 1ی ئایاری داهاتوو، داوای رێكخستنی خۆپیشاندانی ناڕەزایی “میللی و بێپێشینەیان كرد” لەو رۆژەدا.