دادگای بەریتانیا ڕەزامەندی لەسەر ڕادەستکردنی ئاسانج بە واشنتۆن دەدات

دادوەرێکی بەریتانا بە فەرمی ڕەزامەندیی لەسەر ڕادەستکردنی جولیان ئاسانج دامەزرێنەری ویکیلیکس بە واشنتۆن دا، تاکو بە تۆمەتی سیخوڕی دادگاییبکرێت.

پاش ئەم هەنگاوە، چاوەڕواندەکرێت کەیسەکە بچێتە بەردەستی برێتی باتیل وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، تاکو بڕیاری لەسەر بدات.

بەپێی “ئەسۆشیەیتد پرێس”، دادوەرێکی دادگای وێستمینستەر حوکمی دامەزرێنەرە ئوستورالییە تەمەن 40 ساڵەکەی ویکیلیکسی دا و دانیشتنەکەیان ماوەیەکی زۆری نەخایاند.

ئاماژە بەوە دراوە، ئەم هەنگاوە بژاردە یاساییەکانی ئاسانج بنبڕ ناکات، لە کاتێکدا ئەو چەندین ساڵە خۆی لادەدات لەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی دادگایی بکەن، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە بەڵگەنامەی نهێنی بە درێژایی دەیەیەک.

تیمی یاسایی و پارێزەرانی دامەزرێنەرەکەی ویکیلیکس 4 هەفتەیان دەبێت، تاکو داوایەک ئاراستەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بکەن، هەروەها دەتوانن هەوڵبدەن تا بچنەوە دادگای باڵا و پەڵپ لە بڕیارەکە بگرن.

بەپێی فرانس پرێس، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زیاتر لە 700 هەزار بەڵگەنامەی نهێنی جولیان ئاسانج دادگاییبکات.

ئەم بەڵگەنامانە لە ساڵی 2010وە بڵاوکراونەتەوە و پەیوەندییان بە چالاکیی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمریکاوە هەیە، بە تایبەتی لە عێراق و ئەفغانستان.

لە باری دادگاییکردنیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەگەری ئەوە هەیە سزاکەی بگاتە 175 ساڵ زیندانیکردن.

لە 14ی مارسدا دادگای باڵای بەریتانیا ئەو داوای تێهەڵچوونەوەیەی ڕەتکردەوە کە پێشکەشیکرابوو، تاکو دامەزرێنەرەکەی ویکیلیکس خۆی لە ڕادەستکردنی بە ئەمریکا لابدات.

بابەتی پێشتر

بارزانییەكان قەرزێكی دیكەیان هێنایە سەر هەرێمی كوردستان

بابەتی دواتر

ماوەی لێخۆشبوونی قەرزێكی سەر هاوڵاتییان درێژكرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share