جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەغداد دەست بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەكات بۆیە هیچ بەهانەیەك نەماوە و دەبێت پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران كە مافێكی یاسایی مووچەخۆرانە دەستپێبكاتەوە.
لوقمان وەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە پرسی نەوتدا رێككەوتن لەگەڵ بەغداد نەكراوە، بەڵكو جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی فەرەنسایە و كاتێك دەوترێت رێككەوتن كە دوو لایەن لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتن بكەن و مەرجەكانی یەكتر جێبەجێبكرێن.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە بەغداد دەست بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بكات هیچ بەهانایەك نامێنێت و دەبێت پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە كە مافێكی یاسایی و ئاسایی مووچەخۆرانە و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت حكومەت پەلەبكات لە ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان و چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكانیش یەكلابكرێتەوە و هەژماری بانكیان بۆ دروستبكرێت.