بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک چین لە نزیک دوورگەی تایوان بەردەوامە لە مانۆڕە سەربازییەکانی و ئەمەش پاش سەردانەکەی تسای ئینگ وێن سەرۆکی تایوان بۆ ئەمریکا کە هۆکاربوو بۆ توڕەکردنی پەکین.
وەزارەتی بەرگریی تایوان ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، چین بەردەوامە لە مانۆڕە سەربازییەکانی لە نزیک تایوان و ئەمڕۆش جارێکی دیکە چەند فڕۆکەیەکی ناردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، چاودێریی چالاکییە مووشەکییەکانی چین دەکەن و هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی تایوان لە ئاستێکی بەرزی ئاگاداریدان.
وەزارەتەکە پێشتر رایگەیاندبوو کە لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری رابردوودا چاودێریی 71 فڕۆکەی هێزی ئاسمانیی چین و نۆ کەشتیی هێزی دەریایی کردووە لە دەوروبەری دوورگەکەدا.
لای خۆیەوە ئەمریکا رایگەیاند کە بە وردی چاودێریی ئەم مانۆڕانەی چین دەکات.
رۆژی شەممە، چین مانۆڕی سەربازیی سێ رۆژەی لە دەوروبەری تایوان دەستپێکرد، ئەمەش لە چێوەی سیناریۆی “ئامادەیی شەڕ بۆ گەمارۆدانی دوورگەکە”، رۆژێک دوای گەڕانەوەی تسای ئینگوین لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا.