نیاز عەبدوڵا: پەیامی وتەبێژەكەی حکومەت لە پەیامی وتەبێژی میتی تورك دەچێت

نیاز عەبدوڵا رۆژنامەنووس رایگەیاند، پەیامی وتەبێژەكەی حكومەت لەبارەی هێرشی درۆنی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی شاری سلێمانی، لە پەیامی وتەبێژی میتی تورك دەچێت نەك هەرێمێك كە هێرشی كرابێتە سەر و سەروەری پێشێلكرابێت.

نیاز عەبدوڵا رۆژنامەنووس لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک نووسیویەتی، “پەیامی وتەبێژەكەی حكومەت لەبارەی هێرشی درۆنی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی شاری سلێمانی، لە پەیامی وتەبێژی میتی تورك دەچێت نەك هەرێمێك كە هێرشی كرابێتەسەر و سەروەری پێشێلكرابێت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەهۆی هەژموونی سیاسی و ئابووری و سەربازی توركیا لەسەر هەرێمی كوردستان و بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان، حكومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی و ناسنامەی نیشتیمانی بەرامبەر بە خەڵكەكەی لەدەستداوە و بۆتە هاوپەیمانێكی ستراتیجی لە دەستدرێژییەكانی توركیا بۆسەر خاكی هەرێم و هێزە سیاسییەكانی دیكە لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان”.

لە بەشێکی دیکەشدا باسیلەوەکردووە، ” بەپێی وتە و پاساوەكانی وتەبێژەكەی حكومەت بێت، ئێران مافی خۆیەتی هەولێر بۆردومان بكات و توركیاش مافی خۆیەتی بەزۆر گوندەكان بە خەڵكی كوردستان چۆڵبكات و بیانكوژێت، ئەم پاساوانەی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی، داهاتووی قەوارەی هەرێمیش دەخاتە مەترسییەوە”.

لە کۆتاییشدا نووسیویەتی،”ئەمە ئەوە دەردەخات مەسرور بارزانی و تیمەكەی، لە دەرەوەی مێژوو بیردەكەنەوە و هیچ خوێندنەوە و تێگەیشتنێكیان بۆ رووداوەكانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان نییە، بۆیە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی لەبری گفتوگۆكردنیان لەبارەی هەڵوێستی یەكانگیر دژ بە هێرشەكان، رووداوەكەیان كرد بە ململانێیەكی ناوخۆیی بەرتەسك و بێ دیدگا و پڕ لە رق و كینە”.

بابەتی پێشتر

ئەمریكا ژێردەریاییەك رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

بابەتی دواتر

کەشناسیی سلێمانی: بارانبارین دەستپێدەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share