لە ناوچەیەكی گرانبەهای شاری هەولێردا دوو پارچە زەوی كە نرخەكەی بە نزیكەی حەوت ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت بە سەرمایەدارێكی نزیك لە مەسرور بارزانی دەدرێت.
هەردوو پارچە زەوییەكە لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا بەخشراون بە سەروەر پێداوی، سەرمایەدار و ملیاردێری دەسەڵاتداری سەر بە پارتی و نزیك لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی راسپاردە.
سەروەر پێداوی، خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی ستێرك گروپ-ە و گروپی كۆمپانیاكانی لە بوارەكانی (نەوت، دەرمان، خانووبەرە، ئینتەرنێت، خواردن، گواستنەوە، سیكوریتی و چەندین كەرتی دیكە)دا كاردەكەن.
زەوی یەكەم كە سەروەر پێداوی لەسەر خۆی تاپۆكردووە 446 مەترە و دەكەوێتە گرنگترین و راقیترین شوێنی هەولێر و بە نرخی رەمزیی سەردەمی رژێمی بەعس بە 137 هەزار دیناری عێراقی پێیدراوە و لەسەری تاپۆكراوە. هەروەك زەوییەكی هاوشێوەی وەرگرتووە و بەناوی هاوژینەكەیەوە تۆماریكردووە.
بەپێی بەداواچوونەكان نرخی هەردوو پارچە زەوییەكە بە نزیكەی حەوت ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئەو سەرمایەدارەی سەر بە پارتی پێشتریش زەوییەكی دیكەی لە گەڕەكی وەزیرانی هەولێر وەرگرتووە، ئەمەش لەكاتێكدایە لە ساڵی 2014ەوە پێدان و دابەشكردنی مووچە بە كەسانی ئاسایی، فەرمانبەر و مووچەخۆران راوەستاوە.