وەزارەتی نەوتی عێراق: هەرێم رازیدەبێت بە فرۆشتنی نەوت لەرێگەی سۆمۆوە

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە زاری وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بڵاویکردەوە، هەرێمی کوردستان رازیدەبێت بە فرۆشتنی نەوت لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە و شایستەی هەرێمیش پارێزراو دەبێت.

عەلی حەمە ساڵح ئاشکرایکردووە کە بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق پێیان راگەیاندووە، حکومەتی عێراق پێداگرە لەسەر ئەوەی نەوتی هەموو عێراق لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت،

بەپێی ئەو زانیارییانەی عەلی حەمە ساڵح بڵاویکردووەتەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، “هەرێمی کوردستان رازیدەبێت نەوتەکەی لەلایەن سۆمۆوە بفرۆشرێت”.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی هەرێمی کوردستان دەڵێت، عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوت و بریکاری وەزارەت وتی، “بەبرپرسانی هەرێممان وتووە، مەیبەستنەوە بە سیاسەت و پێکهێنانی حکومەتەوە، ئەمە بابەتێکی یاساییە، سۆمۆ نەوتی هەموو عێراق دەفرۆشێت، نەوتی هەرێمیش لە رێگەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت و شایستەی هەرێم پارێزراو دەبێت”.

ئەمە دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا دادگای ناوبژیوانیی پاریس دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە یەکلایی کردەوە و بە نایاسایی و پێشێلکاریی دانا، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوەکە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد ئەو نەوتە هەناردە دەکرێت.

لە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس، تورکیا حکومەتی عێراقی ئاگادارکردەوە کە پابەندی ئەو بڕیارە دەبن و بەوهۆیەشەوە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا، بەمەبەستی رێککەوتن و دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دوو جار شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغداد و لەگەڵ وەزارەتی نەوت و لایەنی پەیوەندیداری عێراق کۆبوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی باوەڕی نەگۆڕی بە فرەیی و هەمەڕەنگیی کوردستان هەیە

بابەتی دواتر

قائیمقامیەتی سلێمانی زیاتر لە تۆنێک خورما لەناودەبات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share