لە گۆرانیبێژییەوە بۆ تیرۆریست؟ فەزڵ شاكر بە 22 ساڵ زیندانیكردن سزادرا

دادگایەكی لوبنان، سزای 22 ساڵ زیندانیكردن و كاری قورسی بەسەر فەزڵ شاكر، گۆرانیبێژی پێشووی ئەو وڵاتەدا سەپاند.

فەزڵ شاكر، تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە كاری تیرۆریستی، یەكێك لە تۆمەتەكانیش كە بەسەریدا ساغكراوەتەوە، دەستوەردانە لە چەند كارێكی تیرۆریستی كە گرووپەكەی ئەحمەد ئەسیر ئەنجامیداون، دادگا جەختدەكاتەوە كە فەزڵ شاكر ئاگاداری ئەو كردەوە تیرۆریستییانە بووە، كە خۆی پشتیوانی لێكردوون. لەو كەیسەدا دادگا سزای 15 ساڵ زیندانیكردن و كاری قورسی بەسەر فەزڵ-دا سەپاند و بڕیاریدا بێبەشی بكات لە هەموو مافە شارستانییەكانی.

كەیسی دووەم كە گۆرانیبێژەكەی پێشووی لوبنانی پێتاوانبار كرا و بەهۆیەوە حەوت ساڵ زیندانیكردن و كاركردنی قورسی بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەیە كە فەزڵ شاكر “پارەی داوە بە هەمان گرووپی تیرۆریستی بۆ ئەوەی چەك و تەقەمەنی پێبكڕن”. لەم كەیسەدا جگە لە زیندانیكردن و كاری قورس، دادگا بە بڕی 500 هەزار لیرەی لوبنانی سزای دارایی بەسەر فەزڵ-دا سەپاند و هەموو مافە شارستانییەكانی لێسەندەوە.

پێشتر و لە دوو كەیسدا دادگای سەربازیی لوبنان سزای بەسەر فەزڵ شاكر-دا سەپاندووە، یەكەمیان ساڵی 2016 كە سزای پێنج ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا. دووەمیشیان لە ساڵی 2017دا بوو كە دادگا بڕیاریدا ناوبراو 15 ساڵ بە تۆمەتی تێوەگلان لە كاری تیرۆریستی زیندانی بكرێت.

ساڵی 2011 فەزڵ شاكر دوای ساڵانێكی زۆر لە گۆرانی چڕین و مۆسیقا ژەنین، بڕیاریدا واز لە هونەر بهێنێت و ئەوكات ڕایگەیاند كە “تۆبە”ی كردووە و دەستیكردووە بە نوێژكردن و هاتوچۆكردنی مزگەوت، بڕیارێك كە جەماوەرە دەیان ملیۆنییەكەی ئەوكاتی ئەو گۆرانیبێژەی تووشی شۆككرد.

 

بابەتی پێشتر

عێراق.. ژمارەی فەرمانبەران 10 هێندەی ئەوەیە كە دەوڵەت پێویستیەتی

بابەتی دواتر

چیرۆكی ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ی ژنێكی زۆری دامه‌زراند و سزا درا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share