کۆڕەک تیلیکۆم بە بڕی یەک ملیار و 650 ملیۆن دۆلار سزادەدرێت

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و سیروان سابر مستەفا بارزانی بەهۆی سکاڵایەکی کۆمپانیای ئەجیلیتیی کوەیتییەوە بەبڕی یەک ملیار و 650 ملیۆن دۆلار سزادراون و هۆکارەکەشی تۆمەتبارکردنیەتی بە بەرتیلدان و فێڵکردن لە دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق.  

دادگای ناوبژیوانی بەریتانیا لەبارەی دۆسیه‌ی کێشەی نێوان كۆمپانیای “تیلیكۆم عێراق” كە كۆمپانیایەكی سەر بە كۆمپانیای “ئەجیلیتی”ی کوەیتییە و داوای لەسەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و سیروان سابر مستەفا بارزانی وەك خاوەن پشکی سەرەکی تۆماركردووە، بڕیاریدا كۆمپانیای دووه‌م به‌ بڕی 1.65 ملیار دۆلار سزابدات.

کۆمپانیای ئەجیلیتیی کوەیتی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، دادگای ناوبژیوانی بریتانیا كە سەربە ژوری بازرگانی نێودەوڵەتیە رەزامەندی ده‌ربڕیوه‌ لەسەر داواكەی “تیلیكۆم عێراق و “ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگ”.

لە سکاڵاکەدا، “هەریەکە لە کۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و سیروان سابر مستەفا بارزانی، تۆمه‌تباركراون بە ئەنجامدانی “كاری رێكخراو” بە ئامانجی “بەرتیلدان” و “فێڵكردن” لە بەرپرسانی دەستەی پەیوەندییەكانی عێراق، كۆڕەك تیلیكۆم ئه‌و كاره‌ی به‌ ئامانجی دەركردنی بڕیاری هەڵە و دەستبەسەراگرتنی پشكی هەردوو كۆمپانیاكە لە كۆڕەك تیلیكۆم كردووه‌”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، به‌وهۆیه‌وه‌ دادگاكه‌ بڕیاریداوە‌ ملیارێك و 650 ملیۆن دۆلار وەك قەرەبوو لەلایەن کۆڕەک تیلیکۆمەوە بدرێت به‌و دوو كۆمپانیایە لەبری زیان و خەرجیی یاسایی لەگەڵ سوودەكانی.

بەپێی بڕیاری دادگا قەرەبووەکان بەمجۆرە دەبن، ملیارێك و 329 ملیۆن دۆلار بۆ كۆمپانیای “ئینتەر ناشناڵ هۆڵدینگ” و 318.7 ملیۆن دۆلاریش بۆ كۆمپانیای “تیلیكۆم عێراق” دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم وەڵامی ئەو بڕیارەی داوەتەوە و رایگەیاندووە، “ئێمه‌ هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و له‌ ئێستادا هه‌موو بژارده‌كان له‌ به‌رچاو ده‌گرین، له‌وانه‌ش هه‌وڵدان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌، دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ ته‌نها بابه‌تێكی تایبه‌تیه‌ له‌نێوان خاوه‌ن پشكه‌كانی پێشوو و ئێستای كۆمپانیاكه‌”.

بابەتی پێشتر

ئۆتۆمبێلێك كە دادگای كەركوك داوایكردبوو لە سلێمانی دەستیبەسەرداگیرا

بابەتی دواتر

دوو كارمەندی پۆلیس گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share