وەزارەتی تەندروستی: لە سلێمانی کێشەی دەرمان لە ترۆپکدایە

بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کێشەی دەرمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند کێشەی دەرمان ئێستا لەم ناوچەیە لە ترۆپکدایە و بەشێک لە نەخۆشخانەکان لە قەیراندان.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدون ڕایگەیاند، کێشەی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە سنووری سلێمانی لە ساڵی ڕابردووەوە سەریهەڵداوە و ئێستا ئەو کێشەیە لە سلێمانی لە ترۆپکدایە، بەوهۆیەوە بەشێک لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان لە قەیراندان، بەجۆرێک تائێستا قەیرانی دەرمان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئێستا.

سەبارەت بە هۆکارەکەشی ڕوونیکردەوە، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا کە پارە لە بانکەکاندا هەبوون شێوازی خەرجکردنی پارەی دەرمان لە سلێمانی جیاوازبووە لە هەولێر و دهۆک، لە سلێمانی بەڕێژەی 20% پارەی دەرمان خەرجدەکرا، بەڵام لە هەولێر و دهۆک 1% یان 2%ی پارەی دەرمان خەرجکراوە، ئەمەش کێشەی نەمانی نەختینەی لە سلێمانی دروستکردووە.

لایەنێکی دیکەی کێشەکە بە وتەی دکتۆر ڕەهێڵ، درەنگکەوتنی ڕەزامەندیدانە لەسەر شەش ملیار دینارەکە کە ساڵانەیە و دەبوایە لە مانگی کانونی دووەمدا ڕەزامەندیی لەسەر بدرایە، بەڵام دواکەوت بۆ سەرەتای ئەم مانگە ئەوەش کێشەکەی زیاتر کرد.

ئاماژەی بەوەکرد، پێشنیازیانکردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تاوەکو پارەی دەرمان لەپێشینەی سەرجەم خەرجییەکانی دیکەبێت تەنانەت بە مووچەشەوە.

جگە لەوەی بریکاری وەزارەتی تەندروستی نەیشاردەوە بەغداد درێغی لە ناردن و هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لەبواری دەرمان نەکردووە، بەڵام دوای جەژنی ڕەمەزان شاندێکیان دەچێتە بەغداد بۆ داواکاری بەمەبەستیی هاوکاریکردنی زیاتری هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە قەدەغەکردنی بەرهەمەکانی هێلکەی کیندەر و چەند جۆرێکی شیر دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدون وتی، قەدەغەکردنی شیرەکان پەیوەندیدارە بەو ستانداردە عێراقییەی کاری پێدەکرێت لە تاقیگەکانی کوالێتی کۆنترۆڵ هەر شیرێک ماددە دیاریکراوەکانی لەو بڕە ستانداردانە زیاتربێت بە ناشیاو دادەنرێت، کیندەر و بەرهەمەکانیشی بەهەمانشێوە بەو ستانداردانە دەپێورێت و بە پشتبەستن بەو ستانداردانە بڕیارەکە دراوە.

بابەتی پێشتر

كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی چاڤی پێش یارییەكەی قادش

بابەتی دواتر

ژن و پیاوێك دەستگیركران پیاویان بردووەتە ماڵەوە و بە ڕووتی ڤیدیۆیان گرتوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share