سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی کانونی یەکەم ژمارەیەک لە گەریلاکانی یەپەگە هەوڵیانداوە بەڕێگەی نایاسایی بێنە هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا پێکدادان ڕویداوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، “لە سنوری نێوان سوریا و هەرێمی کوردستان ژمارەیەک گەریلای یەپەگە کە هەشت کەس بوون، لە کاتژمێر 1:00ی دوای نیوەشەودا هەوڵیانداوە بە ڕێگەی قاچاخ و نایاسایی بێنە ناو هەرێمی کوردستان و ئەو خاڵەی پێسمەرگە کۆنترۆڵ بکەن”.
لەزگین وتیشی، “دوای ئەوەی لە سحێلا لەلایەن خاڵێکی پێشمەرگەکانی پاراستنی سنورەوە پێیانزانیون و بۆیاندەرکەوتووە کە خەڵکی سیڤیل نین و چەکدارن بە هەوڵێکی زۆر داوایان لێکراوە بگەڕێنەوە و سێ گەڕێنراونەتەوە”.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد کە دواتر لە کاتژمێر 4:00ی بەرەبەیاندا هێزێکی یەپەگە کە لە 50 بۆ 60 گەریلا دەبوون هێرشیان کردووەتەسەر خاڵێكی هێزەکانی پیسمەرگە لە سحێلا و لە ئەنجامدا ڕوبەڕوبوونەوە دروستبووە.
ڕاشیگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە ئەو گەریلایانەیان گەڕاندووەتەوە بۆ سوریا و ڕێگەیان نەداوە ئامانجەکەیان کە هاتنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان چونە پاڵ پەکەکە بووە بێتەدی.
سەربەست لەزگین لەوبارەیەوە داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد کە هەڵوێستی خۆیان ڕابگەیەنن و ئەو هێرشانەی یەپەگە سەرکۆنە بکەن ڕەتیبکەنەوە.
وتیشی، هەموومان دەزانین یەپەگە لە ژێر ئاڕاستە کردن و فەرمانی پەکەکەدایە و فەرمانەکانیان لە قەندیلەوە پێدەگات، قبوڵی ناکەین یەپەگە لە خاکی سوریاوە هێرش بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە لێدوانەکانی مەزڵوم عەبدی، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە وتی، “ئێمە دەزانین مەزڵوم عەبدی و یەپەگە لە قەندیل و پەکەکەوە فەرمان وەردەگرن و لێدوان و قسەکانیان بەدەست خۆیان نییە”.