ئەمڕۆ دووەم رۆژی فێستیڤاڵی نەورۆز لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و بڕیارە جگە لە كۆنسێرتێك، پڕۆگرامی تایبەت بە منداڵان و چالاكییەكانی ماركێتین و كاتبەسەربردن ئەنجامبدرێن.
دوێنێ گەورەترین فێستیڤاڵی نەورۆز لە سلێمانی بە سەرپەرشتیی پلاتفۆڕمی ئین سلێمانی دەستیپێكرد، ئەمڕۆش لە دووەم رۆژیدا چەند چالاكییەك ئەنجامدەدرێن.
فێستیڤاڵەكە كە بڕیارە تا شەوی دووشەممە 20ی ئازار بەردەوامبێت. چالاكییەكانی لە (پاركی ئازادی، شەقامی سالم، سەرچنار، پاركی هەواری شار، شەقامی شەستی و شاخی گۆیژە) دەبن.
وردەكاریی چالاكییەكان بەمجۆرەیە:
– لە سەكۆی ئازادیی پاركی ئازادی بە درێژایی شەوانی فێستیڤاڵ نمایشی فیلم ئەنجامدەدرێت، كە لە كاتژمێر 6:30 تا 11ی شەو درێژەیان دەبێت و تیایدا سێ فیلمی درێژ نمایش دەكرێن.
– نزیك لە سەكۆی ئازادی ماركێتی ئین سلێمانی دەبێت كە زیاتر لە 150 كوخ ئامادەكراوە بۆ گەنجان و جوتیاران بەمەبەستی خستنەڕووی بەرهەمە خۆماڵییەكان، خواردن و كارە بازرگانییە بچوكەكان.
– جگە لەو چالاكییانەش هەر لە پاركی ئازادی یارییە كوردەوارییەكانی وەك، مزراحێن، كڵاوێن و ماروپەیژە دەبن، كە خێزانەكان دەتوانن بەبێ بەرامبەر لە كاتژمێر 2 بۆ 10ی شەو سەردانی بكەن و كاتەكانی لێبەسەرببەن.
– لە دەرەوەی پاركی ئازادی، رازاندنەوە بۆ شەقامی سالم دەكرێت، جگە لە چالاكیی میوزیكی سەرشەقام.
– لە 3/18 (ئەمڕۆ) كۆنسێرتێك لە سەرچنار ئەنجامدەدرێت و چەند پرۆگرامێكیش تایبەت بە منداڵان سازدەكرێت.
– رۆژی 3/19 لە هەواری شار كۆنسێرتێكی گەورە ئەنجامدەدرێت. لە شانۆی رۆمانی كە لە كاتژمێر 5 بۆ 8ی شەو دەبێت بە بەشداری هونەرمەندان، هانی، سەنا بەرزنجی و هەژار زەهاوی.
– رۆژی 3/20 كاتژمێر 10ی بەیانی لە بەردەم شاری گۆیژەوە ماراسۆنێكی نێودەوڵەتی رێكخراوە بە بەشداری وەرزشەوانی دێرین و میوانانی بیانی كە پێنج كیلۆمەتری و 21 كیلۆمەتری دەبێت و هاوڵاتییان دەتوانن بەشداری تیادابكەن.
– هەمان رۆژ لە شەقامی سالم نزیك سیتی ستار كەرنەڤاڵی نەورۆز ئەنجامدەدرێت، كە بە بەشداری ژمارەیەك لە كوڕان و كچانی گەنج بە میوزیك و گۆرانی و هەڵكردنی مەشخەڵەوە چەند چالاكییەك ئەنجامدەدەن.
– ئێوارەی هەمان رۆژ بە بەشداری 300 كوڕ و كچ ئاگركردنەوە لەسەر شاخی گۆیژە ئەنجامدەدرێت.
– شەوەكەشی لە شەقامی سالم ئاهەنگی نەورۆز ئەنجامدەدرێت بە بەشداریی هونەرمەندان ماجد، حەمید عوسمان و یادگار خالیدی كە گۆرانی و میوزیكی شاد و هەڵپەركێ پێشكەش دەكرێت.