ئاسایشی راپەڕین دەستگیرکردنی باندێکی پێنج کەسی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر راگەیاند و لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا دەستبەسەر بڕێكی زۆر لە ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گیرا.
ئاسایشی راپەڕین بڵاویکردەوە، “دوای دەستکەوتنی زانیاری و بەڵگەی پێویست لەسەر گروپێکی ماددە ھۆشبەرەکان، پاڵپشت بە یاسا و دەسەڵاتی دادوەری لە 6 ی ئازار لە سنووری شاری ڕانیە، بەشی ماددە ھۆشبەرەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین پێنج کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر و دراوی ساختە، لە ھەردوو رەگەزی نێر و مێ دەستگیرکرد”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “تۆمەتباران چەندین جۆر لە ماددەی ھۆشبەری وەک ھێرۆین و تریاک و ماریجوانە و کریستاڵ و نزیکەی سێ ھەزار دەنک حەبی ترامادۆڵی 225 ملم یان پێبووە”.
ئاشکراشیکرد، “تۆمەتباران بڕی ھەشت ملیۆن و 450 ھەزار دیناری ساختەشیان لێگیراوە ئەمە سەرەڕای دەستبەسەرداگرتنی چەند کەلوپەلێکی بەکارھێنەری ماددە ھۆشبەرەکان وەک کەمۆڵە و پایپی شوشە”.