بڕیارە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان لە سلێمانی ئەنجامبدرێت بۆ تاوتوێكردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
كۆبوونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی دەبێت و تیایدا بڕیارە جگە لە نوێنەرانی یەكێتی و پارتی، هەریەك لە بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگەری و چەند لایەنێكی دیكە بەشداربن.
زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمە.
وتیشی، “یەكێتی لەگەڵ ژمارەیەك لەو لایەنانە پێشتر پڕۆژەیەكمان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشكەشكردووە، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بەشێكی دیكەیە لە هەنگاونان لەو چێوەیەدا”.
لە كۆبوونەوەكەدا جگە لە دەزگای هەڵبژاردنی لایەنەكان، سەرۆك فراكسیۆنەكانیشیان لە پەرلەمانی كوردستان بەشداردەبن، وەك ئەوەی زیاد جەبار ئاماژەی پێدا.
پێشتر دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی و بەشی هەڵبژاردنی پارتی دوو كۆبوونەوەیان ئەنجامدا و لێكتێگەیشتن لەسەر چەند پرسێكی پەیوەست بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لەنێوانیاندا هاتەدی.