پێكهێنانی حكومەتی لوبنان لەبەردەم ڕێگایەكی داخراودایە

سیاسییەكانی لوبنان نەیانتوانییوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ ڕێكبكەون

سەرۆكی پەرلەمانی لوبنان ڕایدەگەیەنێت، ڕێگای بەرەو پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە وڵاتەكەیدا “بەتەواوی داخراوە”.

نەبیهـ بڕی، سەرۆكی پەرلەمانی لوبنان ئەمڕۆ سێشەممە 15ی كانونی یەكەم وتی، ڕێگای بەرەو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی لوبنان “بەتەواوی داخراوە”، بەڵام ئومێدەوارە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا لە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەیدا بتوانێت هاوكاریان بێت.

بڕی لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەیەكی وڵاتەكەی وتی، “چوینەتە تونێلێكەوە و نازانم چۆن لێی دەربچین. گەیشتووین بەحاڵێك مایەی بەزەییە، دۆخی حكومی بەتەواوی داخراوە”.

لەوەتەی حكومەتی پێشوو لەدوای تەقینەوەكەی بەنداوی بەیروت لە 4ی ئابی ڕابردوو دەست لەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشكردووە، سیاسییەكانی لوبنان نەیانتوانییوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ ڕێكبكەون، ئەمەش وڵاتەكەی خزاندووەتە گرفتی گەورەی ئابوری و دارایی خنكێنەرەوە.

ڕۆژی دووشەممە هەریەك لە سەعد حەریری، سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو و میشێل عۆن، سەرۆكی لوبنان ناكۆكییەكانیان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت لە دوو بەیاننامەدا ئاشكراكرد، هەردوولا یەكتریان بە پەكخستنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ تۆمەتباركرد.

بڕی كە هاوپەیمانی حزبوڵای شیعیی پشتیوانكراوە لەلایەن ئێرانەوە هیوای ئەوەشی خواست سەرۆكی فەڕەنسا بتوانێت “شتێك بكات” لەمیانەی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەیدا و وتی، “هیچمان بۆ نەماوەتەوە جگە لە چاوەڕوانیكردن نەبێت”.

بڕیارە لەم مانگەدا ماكرۆن سێیەم سەردانی خۆی بۆ لوبنان لەپاش تەقینەوەی بەیروت ئەنجامبدات. ئەو سەرۆكایەتی هەڵمەتێكی كرد بۆ هاندانی سەرانی لوبنان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، كە بتوانێت چاكسازی بكات و ئەمەش ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان بۆ وڵاتەكە.

بابەتی پێشتر

‘شەڕی ناوخۆ لە عێراق هەڵدەگیرسێت’

بابەتی دواتر

وەزیری بەرگریی تورکیا: سزاکانی ئەمریکا بۆسەر تورکیا سەرجەم بەهاکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن دەهەژێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share