بڕیارە سبەینێ سێشەممە پارەی بەشێكی دیکە لە گەنمی جوتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵی 2015 دابەشبکرێت.
سایلۆی سلێمانی لە ئاگادارییەکدا بڵاویکردەوە، “سبەینێ سێشەمە چەکی پارەی ئەو جوتیارانە دابەشدەکرێت کە لە بەرواری 5بۆ 8 ی تەمموزی 2015 گەنمیان رادەست بە سایلۆی سلێمانی کردووە”.
بۆ وەرگرتنی چەکی پارە پێویستە ئەو جوتیارەی کە گەنمەکەی بە ناویەوە رادەست کراوە خۆی ئامادەبێت یاخود کەسی ئامادەبوو وەکالەتی بۆ کرابێتەوە، هەر جوتیارێک کۆچی دواییکردبێت پێویستە لەسەر وارسە شەرعییەکانی کە وەفاتنامە و قەسام شەرعی کۆچکردوییان پێبێت و سەرجەم وارسەکانی وەکالەتیان بۆ یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی کردبێتەوە.
هاوکات پێوستە کەسی ئامادەبوو بەڵگەی رادەستکردنی گەنم و پێناسی باری شارستانی یاخود کارتی نیشتیمانی لەگەڵ خۆی ببات بە پێچەوانەوە ناتوانێت چەکی پارەکەی وەربگرێت.